گوێمان لە بۆڵەبۆڵی
هەندێک خەڵکی نزیک لەدەسەڵاتە، بانگەشەی ئەوە دەکەن خەڵک ڕوو لەڕەوتی ئیسلامیەکان
دەکەن و ڕەوتەی ئیسلامیەکان مەترسیدارن. ئەگەر
مەترسیدارن ئێوە چیتان کردووە بۆ ئەم خەڵکە، خەڵک لەگەڵتان ئاسودەبێت؟ ئەو دونیای
دیموکراتی و ئازادییەی بانگەشەی بۆ دەکرێت، لەسایەیدا دزی و نادادی و گەندەڵی و بێسەروبەری
و بەرەڵایی هەیە، کەخۆتان دانی پێدادەنێن و چاکتان نەکردووە، سی ساڵە هەر خراپتری
دەکەن، ئەوەی مەترسیدارە ئیسلامیەکان نینە، بەڵکو خلاقی ئیداری کارناکات، ئەگەر ئەخلاق
بوونی هەبوایە لە ئیدارە و دەوڵەتداری، ئەوە ڕەوتە ئیسلامیەکان گەشەیان نەدەکرد، بەڵام لە ئەنجامی
ئەوەی هیچ پێوەرێک نییە بۆ دیاری کردنی مرۆڤی شایستە، بۆ دادپەروەری لە سامان و دەوڵەتداریی،
ئیدی ڕەوتی سەیر سەیر درووست دەبێت و خەڵک بۆ پاراستنی شکۆی خۆیان پەنای پێدەگرن.
پێویست ناکات
دەسەڵاتداران گلەی لەخەڵک بکەن، بۆچی ڕەوتی
ئیسلامی جۆراوجۆر لەگەشەدایە؟ پێویستە بپرسن لە خۆتان دەسەڵاتدارانی کورد، ئێوە چیتان
بۆ ئەم خەڵکە کردووە؟ هەمان ئەوگەلەیە کەساڵانی نەوەدەکان هەم دیندارتر بوو، هەم
خاوەنی شکۆی خۆی بوو، چونکە دڵنیای هەبوو لەسەر ژیان و شکۆی لەگەڵ ئێوەش بوو، شەڕیشی
بۆدەکردن، کە پێیوابوو درۆکانتان بۆ چەواشەکاری ڕاستبووە، یان بڵێین تاوەکو دەستان
لە قوتی ئەم گەلە نەگرتبوو، وەک ئەوان دەژیان، بەڵام کاتێک ئێستا خەڵک ڕوو لە ڕەوتی جۆراوجۆری ئیسلامی دەکات، خۆپەنادانە
بۆ پاراستنی شکۆی خۆی و خێزانی، بۆئەوەی ئەگەر برسیش بمێنتەوە بەڵام شکۆ و خێزانی
لێک هەڵنەوەشێت.
دەزانن بەناوی
دیموکراسی و دادی کۆمەڵایەتی و ئازادی ئێوە
لەکوێن؟ دەزانن ئێوە ئازادیتان بۆخۆتان ویست بۆ ئەوەی هەرچی بکەن و هەرچی ببەن کەس
دەنگ نەکات، ئەوەی کردتان لەشەڕی ناوخۆ و براکوژی کەمتان بەم گەلە داماوە نەکرد، هەرچی
داهاتی ئەم وڵاتەهەیە بۆ خۆتان برد، تەنانەت بەوەش نەوەستان دەستان بەسەر چەندین
موچەداگرت و چەندیشتان لێ پاشەکەوت کردن، بەوەش دەتانەوێت خەڵک وەسەردەمی شاخ و
دوای ڕاپەڕین چەپڵەتان بۆ لێبدات، بەس تەماشای ئاستی توانای خۆتان بکەن لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانتان
بزانن چەند لەئاستی خواری خوارەوەن.
دەزانن دادی کۆمەڵایەتیتان
بەس بۆخۆتانویس تاوەکو داهاتی سەرخان و ژێرخانی ئەم وڵاتەی پێوەبەش بکەن. ئەگینا
دادپەروەری ئێوە لەکام سێکتەر ڕەنگی داوەتەوە؟
بۆیە گەشەی ڕێکخراوە
ئیسلامیەکان و گروپە توندڕەوەکان پەیوەندی بە بەهێزی ئایدۆلۆژیای ئیسلامیەکانەوە نییە،
بەڵکو فکری ئیسلامی لەم کوردستانە لە سەرەتای ئیسلامەوە لەم نیشتمانە لەگەشەدایە و
سەدان زانا و دانای ئیسلامی لێهەڵکەوتوە، لەهەمانکاتدا بەدینداری خۆشیەوە پاڵپشتی
ئێوەی دەکرد وای دەزانی نیشتمانێکی بۆ درووست دەکەن کە دین و دونیای دەپارێزن، بەڵام
تێگەیشت دونیاکەی ئەوەیە کەهەیەتی، واشبڕوات دینەکەشی وەک دونیاکەی دەبێت. بەڵام
پاڵپشتی ئێستای خەڵک بۆ ئایدۆلۆژیای ڕێکخراوە ئیسلامیەکان، پەیوەندی بە ئێوەی دەسەڵاتی
سیاسی لەهەرێمەوە هەیە، کەنەتان توانی ڕێز لە خۆتان بگرن لەبەردەم خەڵکدا، کە بەڵێنی
کەم و کاری باش بکەن، ڕێز لە پیرۆزیەکانی خەڵک بگرن.
واتان داناوە
هەرچی بکەن خەڵک هەر قبوڵیەتی، گرانی دابهێنن، بازاڕ قۆرغ بکەن بۆ خۆتان، سووتەمەنی
کەسەرچاوەی لەخاکی خۆمانە، هاوشێوەی ئەومەوادەی کە لەدەرەوە دەیهێنن بەگرانتر بەخەڵکەکەی
بیفرۆشن، گوایە لەم وڵاتانەش سوتەمەنی گرانە، ئەو ماوادەی وڵاتان لەوڵاتی خۆیان بەرهەمی
دەهێنن وەک ئەوەگرانە کە هاوردەی دەکەن؟
بەهەمووشێوەیەک
دەتانەوێت خەڵک بێ هیوا بکەن هێشتا بتانەوێ خەڵک چەپڵەتان بۆلێبدات، وەک چۆن ئێوە
هەموو ڕێگەیەک دەگرنەبەر بۆ بێ ئومێد کردن، لێدان و ڕوتاندنەوەی ئەم گەلە، گەلیش بە
هاوشێوەی ئێوە بیر لەڕێگای تازە دەکاتەوە بۆ وەڵامدانەوەی کارەخراپەکانی سەرخۆی لە
دژی ئێوە.
بۆ ڕێزگار
بوون لەو دۆخەی خراپەی بۆ گەلتان درووست کردووە، بۆ ئەو دۆخەی لێدەترسن تاکە ڕێگەی
ڕزگاربونتان بەخۆداچونەوەتانە، پێچەوانە کردنەوەی درۆکانتانە کە سی ساڵە خەڵک لێی
بێزارە و بۆ خەڵکی دەکەن، ڕوکردنە هەرگروپێک کاردانەوەی خەڵکە بۆ کارەکانی خۆتان.
230 جار خوێندراوەتەوە