بەچاوی ئەوکاتەوە تەماشای ڕووداوەکان بکە

نەوشیروان مستەفا وەک یەکێک لە رێبەرەکانی کورد،  هیچ کاتێک بەچاوی ئێستاوە حوکمی بەسەر ڕبردودا نەداوە، بەڵکو بە چاوی ڕابردوەوە دەیڕوانیە روداوەکانی ڕابردوو و هی ئەمرۆشی بەچاوی ئەمرۆ لێی دەڕوانی، ئەوەیە جیاوازی نێوان نەوشیروان مستەفا و ئەوان، ئەوان دەیانەوێ لە پێناو رزگاری خۆیان بە زروفی ئەمرۆ حوکمی رۆژانی سەردەمی شاخ بدەن، ئاخر دوێنێ لە شاخ بارودۆخێک بوو،  کەچی بەچاوی ئێستا مێژووی ئەوکات هەڵدەسەنگێنن؛ ئەوەیە کارەسات! بەڵام زۆرن ئەوانەی شایەتی لەسەر گەورەیی و ئازایەتی ئەو سەرکردەیە دەدەن، بابەتیانە قسە لەسەر لایەنەکانی ئەو سەرکردەیە دەخەنە روو، رەنگە ئەوانەی دژایەتی دەکەن زۆر کەم بن.

لە چاوپێکەوتنێکماندا لە گەڵ یەکێک لەدەستەی دامەزرێنەرانی یەکێتی و پیاوێکی رۆشنبیر و روناکبیر ئەویش مامۆستا بەرێز عومەر شێخ موسە لەبارەی نەوشیروان مستەفاوە بەم شیوەیە باسی دەکات و دەڵێ:
(كاك نەوشیروان تەنها سەركردەیەكی لەشكری نەبو، پێشمەرگەیەكی ئازابو، پێشمەرگەیەكی لێوەشاوە بو، كەسێكی لەشكری زۆر سەركەوتو بو، ڕاستە لە هیچ بەرەیەك كە نەشكاوە، چونكە تاكتیكی شەڕی پارتیزانی باش فێربوبو، دەرسی باشی لێوەرگرتبو، ئەوەشمان لەبەرچاوبێ، بەڵام مەبەست ئەوەنییە كە كاك نەوشیروان، تەنها سەركردەی سەركەوتوی پێشمەرگەبو، من هەندێك شتی خۆشت بۆ بگێرمەوە، وەك نمونەیەك كاك نەوشیروان، جیا لە مام جەلال شارەزاییەكی تەواوی هەبو، لە شەڕی پارتیزانیدا ، لە تەكنیكی شەڕی پارتیرانیدا، خاوەن ئەزمونێكی گەورە بو، زۆریشی دەخوێندەوە.

كاك نەوشیروان بەشی هەرە زۆری كتێبەكانی چێ گیڤارا، جەنەڕاڵی جیابی ڤێتنام و نوسین و كتێبەكانی ماوسی تۆنگ دەخوێندەوە، لەسەر شەڕی پارتیزانی زۆر سودیان لێوەردەگرت، بەڵام من نمونەیەكی باشت دەدەمێ كاك نەوشیروان هەمو كاتێك داوای لە تەنزیماتی ناو شار دەكرد، كە نوسخەیەك لە كتێبی دەرسی سەربازی، كولیەی سەربازی، لەشكری عێراق بە دەستی بكەوێ، بۆ ئەوەی بزانێت كە بیرو بوچونی تاكتیكی ستراتیجی لەشكری عێراق چۆنە، بۆ ئەوەی بزانێ چۆن بەرەنگاریان ببینەوە، زۆر لە نەخشە و كتێبەكانی كولیەی سەربازی یان كولیەی جەنگی لەشكری عێراقی دەست دەكەوت. كە ئەمانە جاری واهەیە بۆیە بارەگامان لە هەندێك شوێن دادەنا، لەسەر نەخشەی سەربازی حكومەتی عێراق نەبێ بۆ ئەوەی نەتوانێ بەتۆپ لە دورەوە لێمان بدا، یان بە فرۆكە پەڵامارمان بدەن، چونكە ئحداسیاتی ناو ناوچەكە و مەقەراتی ئێمە لەسەر نەخشەی سەربازییەكانیان نەبوو، وە كاتیان نەبو ئەو جیا لەوە فرۆكەوان و چ ئەفسەرەكانی عێراق، لە لێدانی ناوچەكان و شوێنەكان ئەوەندە باش نەبون.)

ئەگەر لەقسەکانی مامۆستا عومەر شێخ موس وردبینەوە تێدەگەین، کە نەوشیروان مستەفا سەرەڕایی کاریگەر بوونی بە سەرکردە شۆرشگێرەکانی جیهانی و سود وەرگرتن لە شەڕی پارتیزانی شۆڕگێرانی جیهان هەروەها کەسێکی ورد و دوربین و شارەزا بوە لە دانانی نەخشەی سەربازی، وەک  دانانی بنکە و بارەگاکانی خۆی لەدەرەوەی نەخشەی سەربازی حکومەتی عێراقی دەیسەلمێنێ نەوشیروان مستەفا خاوەنی پلانێکی تۆکمە بوە بۆ شەڕ و سەرخستنی بزوتنەوەی رزگاری خوازی کورد، تاوەکو نەتەوەکەی رزگار بکات لەدەستی دوژمنانی.

بەڵام بەداخەوە لە پێناو ئەو هەموو سەرکەوتن و دەستکەوتانە بەبەرنامە هەموو ئەو شۆڕشە بچوک دەکەنەوە لە چەند کارێکی ململانێی بچوکدا، ئەکرێ بپرسین بزوتنەوەی کوردایەتی کە دەستکەوتی گەورەی وەک ڕاپەڕینی لێکەوتەوە، بوەهۆی دروست کردنی حکومەتی هەرێم، ئەو شۆرشەی لە برسیەتی و خەوتن لە کونە بۆری ئەشکەوتەکانەوە گەیاندە ڕۆژی ئەمڕۆ، لەهیچەوە بونە خاوەنی هەموشتێک، ئەوانە هەموی بەرهەمی راپەڕینە، ئەو ڕاپەرینەی کە نەوشیروان مستەفا ئەندازیاری بوە، هەروەها لەدوای قۆناغەکانی ئەنفال بۆ رێکخستنەوەی شۆڕشی کوردستان نەوشیروان مستەفا (پایەکانی ستراتیجی قۆناغی نوێی کار) دادەنێ، بۆ خۆ رێکخستنەوە کە رەنگە بەشێکی زۆری ئەوانەی قسە لەسەر نەوشیروان دەکەن، گەورەی و تێکۆشانی ئەم مرۆڤە مەزنە بچوک دەکەنەوە لەچەند ململانێیکی بچوکدا دەخوڵێنەوە، ئەم تاکتیکەی نەوشیروانیان نەبینیبێ، هەروەها دروستکردنی رێکخستنێکی نوێ لە دوای دروست کردنی ئۆدوگا زۆرەملێکان بەناوی (سرک) سوپای رزگاری کوردستان، ئەم عەقڵە گەورەیە لە پێناوی مانەوەی شۆرش و درێژەدان بە خەبات و تۆکۆشان جگە لە نەوشیروان مستەفا لە کەسیتر ناوەشێتەوە، جگە لەوەی داڕێژەری راپەڕینە، بەدەر لەوەش بۆ یەکەم جار نەوشیروان مستەفا توانیویە هەموو حیزبە کوردستانیەکان لە بەرەیەکدا کۆبکاتەوە بەناوی (بەرەی کوردستانی).

وەک بەڕێز عومەر شێخ موس  لە بەشیکی دی چاوپێکەوتنەکەماندا دەڵێ: (كاك نەوشیروانم، پێش هەمو شتێك مرۆڤێكی نیشتیمان پەروەر بو، مرۆڤێكی كوردستانی بو، مرۆڤێكی شۆڕشگێربو، ڕوناكبیرێكی كەورەیی ڕەسەنی كوردبو، هەروەها شارەزایەكی زۆر گەورە بو لەمێژوی گەلی كورددا، نەك هەر شارەزا، بە زانایێكی گەورەی دەزانم، لە مێژوی گەلی كورد وە خۆی زۆر خەریك دەكرد بە ستایلی زمان فەرهەنگ ڕێوڕەسمی كۆمەڵایەتی كوردی، ژمارەیەك لەو ڵایەنانەی كە پێویستیان كردوە بەكۆمەڵگای كورد خەبات و تێكۆشانی گەلی كوردا هەبو، كاك نەوشیروان، كەسێكی زۆر ورد لە لێكۆڵینەوە كۆكردنەوەی زانست، لە هیچ و خۆڕایی قسەی نەدەكرد، دەی زانی كە چی دەگوت كە قسەی دەكرد.)

ئەوەی ئێستا دەیانەوێ لە نەوشیروان مستەفا، دوای ئەوەی نەوشیروان مستەفا کەلێنێکی گەورەی خستە نێوان حیزبەکانی دەسەڵات و خەڵک بەهۆی ئاشکرا کردنی ئەو هەموو گەندەڵیەی کردویانە، ناچاری کردنی دان بەگەندەڵیدابنێنن، بەناچاری دەست بۆ لەناوبردنی گەندەڵی بەرن و خۆیان چاک بکەن، کە ئەم تەنها درووشمە و نەبۆتە کردار لەناوبردنی گەندەڵی، چونکە ئەو شۆڕشەی نەوشیروان مستەفا کردی لەرێگای گۆران کە بوە هۆی هۆشیاری تاکی کورد، هەرگیز ناتوانن وەک خۆی لێبکەنەوە، ئەم کەلێنە لەنێوان دەسەڵات و خەڵکدا هەر گەورە دەبێ و بچوک نابێتەوە جارێکیتر،  ناچارن ئێستا وەک تۆڵە کردنەوە لە نەوشیروان مستەفا مێژوەکەی بشێوێنن، ئەگەر دەشتانەوێ دەست بۆ ئەوشتانە ببەن فەرمون باسی ئەو سەرکەتنانەشی بکەن کە ئەو قیادەی کردوە، بۆتە هۆی سەر کەوتنی گەورە گەورە، تەنها پایەکانی ستڕاتیجیەتی قۆناغی نوێی کار لە دوایی ئەنفالەکان بەسە بۆ ئەوەی نەوشیروان مستەفا بناسی و بۆگەلێک دوای کارەساتێکی گەورەی وەک ئەنفال رێگای لە هەرەسهێنانی شۆڕش بگرێت، ئەوە هەرسەرکردەیەکیتربا ئاشبەتاڵی بە حیزبەکەی دەکرد، راپەڕینیش نەدەبو، بەرەیەکیش دروست نەدەبوو بەناوی بەرەی کوردستانی، تکایە پایەکانی ستراتیجی قۆناغی نوێی کار بخوێننەوە تا نەوشیروان مستەفا بناسن.

895 جار خوێندراوەتەوە