دوای ئەوەی ئەمریکا و
ئیسرائیل و ئەوروپا نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان لەلایەن سەرۆکی ئیسڕائیلەوە
پیشانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، تورکیا بەرامبەر بەم گۆڕانکاریانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
قەڵس و پەست بوو، ئەمە وایکرد کە کارتی جۆراوجۆر لەبەرامبەر ئەم گۆڕانکاریانەی ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست بخاتە ڕوو، وەکو بیستەکانی سەدەی ڕابردوو، بەهەمان نەخشە و پیلان کورد
بخاتە دەرەوەی هاوکێشەکان، سود لەکارتی پڕۆسەی ئاشتی وەربگرێت، ئەگەر ئەوەی بۆ بچێتە
سەر کارێکی گرنگ و جێگای بایەخە.
بۆ جێگیرکردنی ئەم هاوکێشەیە پەنایان بۆ گەورەترین ڕەگەز پەرستی تورک و دژەکورد
برد کە دەوڵەت باخچەلی بوو بۆئەوەی قسەبکات و داوابکات ئۆجەلان ئازاد بکرێت و بهێنرێتە
پەرلەمان بۆ ئەوەی ئاشبەتاڵی شۆڕشی کورد لە ڕۆژئاوا و باکوری پێبکات، بەڵام دوبارەکردنەوەی
مێژوو لەلایەن کورد لە باکورەوە ڕەتکرایەوە، چونکە دۆزی کورد جیاوازە لەگەڵ ڕۆژگاری
سەردەمی ئەتاتورک، سەردەمی ئێستا سەردەمی گۆڕانکاری و دوونیابینیەکیترە کە ئۆردۆغانی
لەم پرسە ڕاچڵەکاند، کەپڕۆسەی ئاشتی پڕۆسەیەکی بەئاکام نەگەیشتوە بەڵکو ناوهێنانی
پڕۆسەی ئاشتی پڕۆسەیەکی کاتی قبوڵکراو نیە و بۆ ئامانجێکی دیاری کراوی دەوڵەتی
تورکە نەوەک بۆ گەلانی تورکیا.
ئەگەر پڕۆسەی بەناو
ئاشتی سەری بگرتبایە و شۆڕگێڕان چەکیان دابنایە، ئەوا لە ڕۆژئاوای کوردستان خەونی
وڵاتانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا سەری نەدەگرت و پڕۆژەکە بەقازانجی تورکیا دەکەوتەوە، خاڵکی
گرنگی ئەم پڕۆژەیە گەیاندنی کورد بوو بۆسەر دەریای ناوەڕاست و دواتریش گواستنەوەی
نەوت و گازی ڕۆژهەڵاتی ناوین بوو لەڕێگەی بۆڕیەوە بە ڕۆژئاوای کوردستاندا بۆسەر دەریای ناوەڕاست، پارێزەری ئەم بۆڕیەش هێزەکانی
کوردبوون لەڕۆژئاوە.
بەوەش زیانێکی زۆر بەر
ئابوری تورکیا دەکەوت، چونکە ئەم ڕێگەیە لالایەک مەودای کورتر دەبێت، لەلاکەی تریش
تێچووی کەمتر دەبێت، هەروەها کوردیش لەم پارچەیە بناغەی دەوڵەتێکی بەهێزی کوردی
دادەنا، ئەمە خەونی لەچاوی ئۆردۆغان و دەسەڵاتەکەی لە تورکیا تۆراند بوو.
دواکارتی ئۆردۆغان لەم
گۆڕانی هاوکێشەیە لێدان بوو لە بەشار ئەسەد و دەوڵەتی سوریا، دوای ڕێگەدانی تورکیا
بە گروپە چەکدارەکان بۆ ئەوەی هێرش بکرێتە
سەردەوڵەتی سوریا لەماوەی ١١ ڕۆژدا، توانیان ئەسەد لەدەسەڵات دوربخەنەوە، ئەمە تاکە
ڕێگەی ئۆردۆغانە بۆ ئەوەی ڕێگە لەخەونی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا بگرێت لە گواستنەوەی
نەوتی ناوچەکە بەژێردەستی هێزە کوردیەکان، لەکاتێکدا وڵاتانی ئەورووپا لەبەرامبەر
ئەو ملهوڕیەی ئۆردۆغان بوو کە ڕووی لەڕوسیا و ئێران کرد بوو، بەڵام ئێستا دوای ئەوەی
ئۆردۆغان لەپێناوی پێگە ئابوری و سیاسیەکەی خۆی پشتی لەهەردوو دۆستی کۆن و سەردەمی
قورسترین ململانێی ١٤ ساڵی ڕابردوو کرد، کە ئێران و ڕووسیایە بوو، دەبێت ئێران و ڕووسیا
چ وەڵامێکیان بۆ تورکیا هەبێت؟.
پشتێکردنی تورکیا لە ئێران
و ڕووسیا لەمکاتەدا دوای سەرنەکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی و کارتەکانیتری ئۆردۆغان، لەشەوڕۆژێکدا
بۆ ئەوەی ڕێڕەوی وزە لەتورکیاوە نەگوازرێتەوە و زەڕبەی گەورەی ئابوری بەرنەکەوێت،
هەروەها کوردیش نەگات بە ئامانجەکانی ڕووی کردەوە بەلای ئەمریکا و ئەورووپادا.
هاوکات هەردوو هاوڕێ و دۆستی ئۆردۆغان لەبەرەکانی شەڕدا زۆر لاواز و بێ دەسەڵاتن، ڕووسیا
لەشەڕی ئۆکڕانیا و ئێرانیش لە غەزە و لوبنان و یەمەن و سوریاش کە کەوت. ئێستا پێناچێت
تورکیا بیەوێت وابەئاسانی خۆی بکاتە قوربانی ڕووسیا و ئێران.
بەڵام پرسیاری سەرەکی
ئەوەیە، ئایا ئەمریکا و ئەورووپا و ئیسڕائیل دەستبەرداری خەونەکانیان دەبن لە گۆڕینی
ڕێڕەوی وزە؟ یان ئامانجیا ئەوە بوو ئاڕاستەی تورکیا بسوڕێننەوە بە لای خۆیان؟ دەوڵەتی
سوریای دراوسێی ئیسڕائیل کەببو بە مۆڵگەی نەیارانی بەم شێوەیە لێبکات؟ ئایا کورد لەم
هاوکێشەیە چی لێبەسەردێت؟.
دواپەیامی پنتاگۆن و وەزیری
دەرەوەی ئیسڕائیل لەمەڕ دۆزی کورد لە باکور و ڕۆژئاوای سوریا پەیامی دڵخۆشکەرن، هەروەها
هاتنە پێشی ئەم گروپە ئیسلامیانە ڕەنگە بۆ ئیسڕائیل جێگای دڵخۆشی نەبن و بەوەش ئەمریکا
ناڕەحەت دەکات، ئەگەر هەرجوڵەیەکی خراپ بە ئاڕاستەی بەرژەوەندیەکانی ئیسڕائیل بجوڵێت،
جگە لەوەی شەڕی تائیفی دروست دەبێت لەگەڵ شەڕی ناوخۆ، پاڵپشتی دۆزی کورد دەکەن، بەوەش
هێشتا خەونی ئۆردۆغان جێگیر نییە، بەڵام لەحاڵەتی دەرنەچونی ئەم گرووپ و تاقمانە لەقسەی
ئۆردۆغاندا، ئەوا گرفتی گەورە بۆ هێزەکوردیەکان دروستببێت، لەئەگەری لەدەستدەرچونی
تورکیا ئەوا قەیرانی قوڵ بۆ تورکیا دەخوڵقێت، چونکە بۆی هەیە هێزی هاوپەیمان لەژێرناوی
گێڕانەوەی ئاسایش لەژێر فەرمانی نەتاوەیەکگرتوەکان بچنە سوریا و سوریاش لەدەستی ئۆردۆغان
دەربچێت.
ئەوەی گومانی لێناکرێت،
دبلۆماسیەت و زیرەکی کوردانی ڕۆژئاوایە، بەڵام هەمیشە پارە و سامان فەقەڕاتی سیاسەت
بووە، گەشەی بەسیاسەت داوە، هاتنە پێشەوەی تڕامب بۆسەرۆکایەتی ئەمریکا ڕەنگە هەندێک
بەربەست بۆ خواستی بەرەو پێشەوە چونی کورد درووست بکات، چونکە تڕامپ ئامانجی بەدەستهێنانی
پارەیە و شەڕی ئەویش شەڕی پارەیە.
بەڵام ئەوش ئەگەرێکی لاوازە، چونکە هەم کورد دبلۆماسییەتێکی سەرکەوتوی هەیە،
هەمیش هێزێکی بەهێزی پارێزگاری هەیە، جگە لەوەش تڕامب دوای هەڵەکانی خولی یەکەمی سەرۆکایەتی،
پێدەچێت بۆئەم خولە بەخۆداچونەوەیەکی ستڕاتیجی کردبێت، چونکە دوای دەرچونەوەی پەیوەندی
بە مەزلوم عەبدیەوە کردووە و بۆ ڕۆژی دەست بەکاربونیشی بانگهێشتی کۆشکی سپی کردووە،
یەکێکتر لەهۆکارەکانی گەڕانەوەی ئۆردۆغانیش بۆ هاوکێشەی ڕۆژئاوا ئەو گرنگی پێدانەی
ئەمریکای بوو بە مەزڵووم عەبدی، ڕەنگە ئەو گرنگی پێدانەی ئەمریکاش بە مەزلووم عەبدی
بۆ ئەوە بووبێت کە تورکیا دەست بەرداری ڕووسیاو ئێرانبێت.
بۆیە هێرشی ئەم گروپانەی
نزیک لەتورکیا بۆ سەر دەوڵەتی سوریا و حکومەتەکەی بەشار ئەسەد ڕەنگە هەر بۆترساندن
و گۆڕانکاری لەهاوکێشەکان بووبێت، بەڵام دوای خۆڕانەگرتنی سوپای سوری، کەوتنی بەم
خێرایە پلانی تورکیاشی تێکدابێت، بەڵام تورکیا دوا کارتی خۆی دژی نەخشەی تازەی ڕۆژ
هەڵاتی ناوەڕاست هاویشت، جا ئەم کارتە دەبێتە سەر ئێشەیەکی گەورە بۆ تورکیا یاخود
جارێکیتر ئەستێرەی بەختی دەدرەوشێتەوە، بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە و دڵخۆشکەرە بۆ
کورد، کورد لەم وڵاتە وەکو باشوری کوردستان بوو بە ئەمری واقیع و قبووڵ کراو و
دانپێدانراو لە سوریادا.
107 جار خوێندراوەتەوە