لە 25ـى7 چی گۆڕدرا؟

گۆڕان ئەو هێزە تازەیە بو لەمڕۆژەدا چرای ئازادی بۆ خەڵکی داگیرساند، خەڵکیش سنورێکی بەردینی پتەوی لەنێوان دەسەڵات و خۆیدا شکاند، پیشانی دەسەڵاتی کوردیدا کە ئەوان زۆر دور کەوتونەتەوە لە خەڵک و جیاوازترن لەم خەڵکە، خەڵک جیاوازتر دەژیت و بیردەکاتەوە، خەونی هەردوکیان زۆر دورە لە یەکتری، کەچی هێشتا لەتیڤیەکانەوە دەسەڵاتداران بە ئاوازی شاخ دەدوێن، بەڵام نە نانی ئەوێ رۆژێ دەخۆن و نە جلوبەرگی ئەوکات لەبەر دەکەن و نە ئۆتۆمۆبێلی ئەو سەردەم پیاسە دەکەن و نە لە خانوی ئەو سەردەمەدا دەژین، کەچی خەڵک بەم وتارانە ماندو دەکەن، ئەمە وایکردبو خەڵک لەم قسانە بێزاربێت، تیڤیەکانیش ناشیرین بن، بەڵام لەم قۆناغی بێ ئومێدیەدا پیاوێکی ماندو دێت، بە زمانێکی تازە دەدوێت، بە عەقڵی تازە بیردەکاتەوە و لە تیڤی تازە دەردەکەوێت کە پڕۆژەی تازەی پێیە بۆ ژیان و بۆ بەڕێوەبردنی حوکمی کوردی، کەچی هێشتا وەک سەردەمی شاخ دەژیا و بە جلوبەرگی هەژاران و بە سادەیی لەگەڵ خەڵک دەرکەوت، ئەمە وایکرد خەڵک وەک سمبولی ئازادی و سەرکردە و رۆشنای رێگای تازەی ژیانیان قبوڵ کرد.

 

25ـی تەمموز لە مێژوی حوکمڕانیی کوردیدا رۆژێکی دیارە، ئەوڕۆژە زۆربیرکردنەوەی گۆڕی، زۆر پێشبینی سەرەوژێر کرد و فەرهەنگی سیاسی کوردی پێداچونەوەی قوڵی بەخۆیەوە دیت، خەیاڵدانی هەندێک سیاسی بەتاڵ پیشیاندا و پێشبینی خەڵکی بەرژەوەندیخواز و هەرزەی سیاسی و سیاسی پاوانخواز و بەرژەوەندی خوازی بەتاڵکردەوە، لەوڕۆژەدا خەڵکی کوردستان بەیەک دەنگ هاوشێوەی راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991ـی خەڵکی کوردستان بەدەسەڵاتی کوردیان وت "تەواو".

 

25ـی تەمموزی2009، کۆتاییان بەخەونی درێژخایەنی خەباتی شۆڕشگێڕی خۆیان هێنابو، بەرگی ئەم دروشمە بریقەدارانەیان لەبەردا داماڵین و بەرگی گەندەڵی و فەسادی ئیداریی و شکستی حوکمڕانی پیشانی خەڵکدا، لەم رێککەوتە بەملاوە دەسەڵاتی کوردی دانی بە شکست و گەندەڵی و دزی خۆیدانا، لەغروری سەرکەوتنەکانیەوە کەوت بەسەر شکستەکانیدا، لەغروری بە"بت" بونەوە کەوتنەوە بەسەر شکستەکانی خۆیاندا و گەڕانەوە ناو کەوڵی خۆیان و لەبەردەم ئاوێنەی گەلدا خۆیان بینییەوە وەک مرۆڤێکی ناشیرین و گەندەڵ بو.

 

25ی تەمموز خەڵکی کوردستان تەواوی فەرهەنگی سیاسی حوکمی کوردی بەولەوەی خستە ژێر پرسیاری قوڵ و تیغی تیژی گەل، کە دەسەڵاتدارانی هەرێم لەماوەی حوکمڕانی خۆیان پێچەوانەی خەڵکی کوردستان هەنگاو ناوە، دژ بە خواست و ویستی خەڵکی کوردستان جوڵاونەتەوە، دەیانویست و خواستی ئەوەیان هەبو، وەکو پاشا و پیاوانی ئاینی سەدەکانی ناوەڕاستی ئەوروپا خۆیان لە قاڵبدەن و خەڵک لە پێناوی خواستى خۆیان بەکاربهێنن، بەهەر شوێنێکدا رۆیشتن خەڵک سەریان داخەن و بەرزنەکەوە، هەمو شتێکی وڵات بە گیانی خەڵکەکەشەوە بۆخۆیان و خانەوادەکانیان بێت، لەمڕۆژەدا خەڵک هەمو شتێکی پێچەوانە کردەوە و هەمو خواستی ئەم دەسەڵاتەی ژێرپێ خست، بەدەنگێکی ئازاد بە هاوارێکی بڵند و نەرم و بە ئاوازێکی زۆر جوامێرانە هەمو خواستێکی داسەپاوی لە خەیاڵدانی بەرپرسانی رەتکردەوە، ئەوانیشی هێنایەوە هۆشی خۆیان.

 

 لەمڕۆژە بەملاوە، ئیدی بەرپرسان کە خەونی ئەوەیان دەبینی کە تەنها لەسەیارەی جام رەشەوە بەچاوێکی ناشیرین بڕواننە خەڵک، گۆڕان و خەڵک لە رێگەی دەنگدان بە گۆڕانەوە جارێکیتر بەرپرسە غرورەکانی هێنایەوە ناو خەڵک و لەپێناوی دەنگدا شارە و شاری پێکردن و لەدەرگای هەمو خەڵکی پێدان، ئەمە ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەبو کە گۆڕان کردی، رەنگە خەڵک گاڵتە بە وێنەگرتنی لەگەڵ بەرپرسان بکات، بەڵام ئەوە خواستی هەمو لایەنگرێکە، جاران لایەنگران خواخوایان بو تەنها بۆ چەند چرکەیەک بیان بینن و وێنەیەک بگرن، کەچی ئەمڕۆ خۆیان دێنە ناو خەڵک و بەدەستی خۆیان سێڵفی لەگەڵ هەوادارانیان دەگرن، ئەمە دەرەنجامی ئەم گۆڕانە ریشەیەیە کە گۆڕان هێنایەکایە و خەڵکی کوردستان بەدەنگدان لەمڕۆژەدا رق و توڕەیی خۆی پیشانی دەسەڵاتدارانی هەرێمدا.

 

لەمڕۆژە بەملاوە، هەرچی حیزبی دەرەوەی هەردو دەسەڵات هەبو،  ئیدی هەمو گوشەرەکان لەسەر ئەندام و لایەنگرانیان لاکەوت و ئازادی زیاتریان بۆ گەڕایەوە، رۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان باشتر گوزارشتیان لەبیروبۆچونەکانی خۆیان کرد،  خەڵک لە جاران باشتر و چاونەترسانەتر گوزارشتیان لە خواست و مافەکانی خۆیان کرد، سەرەڕای هەمو ئەمانەش کە گۆڕانکاریی گەورە بون، بەڵام سەدان هەڵسوڕاوی گۆڕان کەوتنە بەر هەڕەشەی نانبڕین و دەرکردن و گواستنەوە، ئەمانە بەرەنجامی هەڵوێستی جوامێرانەی گۆڕانخوازان بون، کە دەسەڵاتی توشی شۆکێکی گەورە کرد، کوردستانی توشی دابڕانێکی مێژویی گەورە کرد، لە نێوان پێش 25ـی 7 دوای ئەوڕۆژە، ئیدی دەسەڵاتی کوردی هەمو رێگاکانی تاقیکردەوە بۆ ئەوەی بارودۆخی کوردستان بگێڕێتەوە بۆ پێش ئەمڕۆژە، بە گرتن و چاوسورکردنەوە و بڕینی موچە و قوتی خەڵک، دروستکردنی حیزب و لیستی کارتۆنی، بەڵام گۆڕان لە دوای ئەم بەروارەوە هەمو پەردەکانی لادا و شانۆی سیاسی بەسەر خەڵکدا کردەوە، ئەوانیش بە رونی دانیان بەهەموشتێکدا نا بە بەرچاوی جەماوەر، ئیدی ئەگەر گۆڕانیش نەمێنێت خەونی گۆڕانکاریی دەمێنێت و جارێکیتر دەسەڵاتداران چەند خۆیان بەبەهێز بزانن و ناتوانن ئەم مێژوە بسڕنەوە، بگەڕێنەوە بۆ پێش ئەمڕۆژە،  بەڵکو ئەم مێژوە شانازیەکی گەورەیە بۆ رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، کە پشکێکی گەورەی بەردەکەوێت و بەشەکەی تری شانازی ئەم مێژوە بۆ هەڵسوڕاوان و خەڵکی ماندو و تینوی ئازادی کوردستان دەگەڕێتەوە.


289 جار خوێندراوەتەوە