چەمچەماڵ؛ دوای نزیكەی نۆ ساڵ هێرشبەرانی سەر تیمی KNN دادگایی دەكرێن
تیمێكی KNN، بانگێشتی بنكەی پۆلیس و دادگای بەرایی چەمچەماڵ دەكرێن و وتەیان لێ وەردەگیرێت، بڕیاریشە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵ، پەلاماردەرانی تیمی KNN لە چەمچەماڵ، دادگایی بكرێن.
ئاری لوقمان حەكیم، پەیامنێری پێشووی KNN لە قەزای چەمچەماڵ، بە KNNی راگەیاند: ئەمڕۆ دوشەممە، وەك تیمی پێشووی KNN لە چەمچەماڵ، لە لایەن بنكەی پۆلیسی چەمچەماڵەوە، بانگێشت كراون و دواتریش لە دادگایی بەرایی چەمچەماڵ وتەیان لێ وەرگیراوە.
وتیشی: بانگهێشتكردن و وەرگرتنی وتە لێیان، لەسەر تۆماركردنی سكاڵایەكیان بووە، كە نۆ ساڵ پێش ئێستا بەهۆی هێرشكردنە سەریان تۆماریان كردووەو مەفرەزەیەكی پۆلیسی چەمچەماڵ و چەند بەرپرسێكیان بە ئەنجامدەری هێرشەكە تۆمەتبار كردووە.
ئاری لوقمان، راشیگەیاند: دوای نزیكەی نۆ ساڵ، بڕیارە رۆژی هەشتی مانگی ئایاری ئەمساڵ، یەكەم دانیشتی دادگا لە بارەی سكاڵاكەیان بەڕێوەبچێت، تۆمەتبارانیش ئامادەی دانیشتنەكە بن.
رۆژانی 10 و 11ی ئابی 2010 ، تیمی KNN لە چەمچەماڵ، لە دوو كاتی جیاوازدا هێرشكرایە سەریان و كامێراكەیان شكێنراو كەلوپەلە رۆژنامەوانیەكانیشیان لێ وەرگیراو بۆ ماوەی نیو كاتژمێریش دەستگیر كران، دوای هاتنە سەر هێڵی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان تیمەكەی KNN ئازاد كران, دوای روداوەكەش تیمی KNN لە چەمچەماڵ، سكاڵای یاساییان تۆماركرد.
3272 جار خوێندراوەتەوە