سەرەڕای هەڕەشەکان و لێدوانە توندەکان، عەباس عێراچی،
وەزیری دەرەوەی ئێران پابەندبوونی وڵاتەکەی بە دانوستان دووپاتکردەوە.
هەواڵ:KNNC
وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانەکانی ڕۆژی
یەکشەممەدا ڕونی کردەوە کە وەڵامی تاران بۆ پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا
لەگەڵ ناوەڕۆکەکەیدا یەکدەگرێتەوە و دەرفەتی دیپلۆماسی پاراستوە.
"دانوستانی ڕاستەوخۆ بێمانایە"
وەزیری دەرەوەی ئێران پێی وایە کە دانوستانی ڕاستەوخۆ
لەگەڵ لایەنێک کە هەڵوێستی دژبەیەکی هەیە و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز دەکات، هیچ
سوودێکی نییە.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکەی ئامادەیە بەردەوام
بێت لە گفتوگۆ سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و هەڵگرتنی سزاکان، لەسەر بنەمای دروستکردنی
متمانە.
ئەوە لەکاتێکدایە کە سوپای پاسداران دووپاتی
کردەوە کە ئامادەن بۆ هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی، بەڵام بە دوای شەڕکردندا
ناگەڕێن.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هات کە تاران لە چەند ڕۆژی
ڕابردوودا چەندین جار پشتڕاستی کردەوە کە وەڵامی ئەو نامەیەی داوەتەوە کە ترەمپ لە
سەرەتای مانگی ڕابردوو (ئازاری 2025) بۆی ناردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە
ئامادەیە دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا لە ڕێگەی وڵاتی سێیەمەوە ئەنجام بدات.
هەروەها ئەوەش دوای ئەوە هات کە ترامپ پێنجشەممەی
ڕابردوو ڕایگەیاند کە پێی وایە ئێران ئامادەیە بچێتە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ سەبارەت بە
بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەڵام ترسی هەیە. جەختیشی لەوە کردەوە کە نایەوێت تاران تووشی
شڵەژان بێت، بەڵکو دیالۆگی ڕاستەوخۆی پێ باشترە.
719 جار خوێندراوەتەوە