زانیاری گرنگ له‌باره‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی 12ی ئاماده‌یی ئه‌مساڵ

KNN : Kurdish News Network
12:57 - 25/05/2019
کوردستان
+
-


سبه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی گشتی پۆلی 12ی ئاماده‌یی له‌سه‌رجه‌م شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێده‌كات، هه‌ر بۆیه‌ گرنگه‌ قوتابیان و دایكان وباوكان و كارمه‌ندانی بواری په‌روه‌رده‌ ئاگاداربن له‌ چه‌ند رێنماییه‌كی نوێ و گرنگ كه‌ راسته‌وخۆ كاریگه‌ریی له‌سه‌ریان ده‌بێت.

دڵشاد عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا راگه‌یاند؛ له‌لایه‌ن پۆلیسی سلێمانییه‌وه‌ ده‌ستگیراوه‌ به‌سه‌ر ژماره‌یه‌كی زۆر هه‌وڵی ساخته‌كاریی له‌ تاقیكردنه‌وه‌ گشتییه‌كانی 12ی ئاماده‌ییدا و زانیاری زیاتر له‌باره‌ی هه‌وڵی دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ رۆژه‌كانی تاقیكردنه‌وه‌دا به‌هاوكاری هێزه‌كانی پۆلیس كۆنترۆڵی ده‌كه‌ن.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، به‌پێی رێنماییه‌ نوێیه‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، هه‌ر قوتابییه‌ك به‌ هه‌وڵی ساخته‌كارییه‌وه‌ بگیرێت، ئه‌مساڵی خوێندنی ده‌فه‌وتێت و ساڵی داهاتوش ناتوانێت به‌شداریی تاقیكردنه‌وه‌كان بكات و بواری خوێندنه‌كه‌ی ده‌گۆڕدرێت.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی، جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌، كه‌ هه‌ر قوتابیه‌ك ده‌ستگیربكرێت به‌ هه‌وڵی ساخته‌كارییه‌وه‌، (جا ئه‌گه‌ر قۆپیه‌كه‌ی به‌كارهێنابێت یان به‌كاری نه‌هێنێنابێت) هه‌مان سزای قورس ده‌یگرێته‌وه‌.

هه‌ر له‌و كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌دا سه‌ره‌وت ئه‌حمه‌د، وته‌بێژی پۆلیسی سلێمانی، ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی جۆرێك ئامێری ساخته‌كاریی ئاشكراكرد، كه‌ به‌شێوه‌ی (ئامێری بێ سیمی هۆكی تۆكی) كارده‌كات و له‌ پۆشاك ده‌به‌سترێت و خاوه‌نه‌كه‌ی هه‌ر كراسێكی به‌ زیاتر له‌ 200$ فرۆشتوه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌پێناوی دروستنه‌كردنی دۆخێكی ده‌رونی نائارام بۆ ئه‌و قوتابیانه‌ی به‌شداری تاقیكردنه‌وه‌كانیان كردووه‌، قه‌ده‌غه‌ی كردووه‌ مامۆستا و كارمه‌ندانی په‌روه‌رده‌ له‌رۆژانی تاقیكردنه‌وه‌دا هیچ ره‌خنه‌ و سه‌رنجێك له‌باره‌ی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاو بكه‌نه‌وه‌.

هه‌ر به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، رێگای "دیسپلینی كارگێڕی" ده‌ستنیشانكراوه‌ بۆ گه‌یاندنی سه‌رنج و تێبینییه‌كان بۆئه‌وه‌ی وه‌زاره‌ت راسته‌وخۆ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رنجه‌كان بكات، نه‌ك له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاو بكرێنه‌وه‌ و پشێوی لای قوتابیان دروست بكرێت و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ره‌وشی تاقیكردنه‌وه‌كان دروست بكات.

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو؛ رێكاری كارگێڕی و یاسایی له‌دژی ئه‌و مامۆستا و كارمه‌ندانه‌ی په‌وه‌رده‌ ده‌گیرێته‌به‌ر كه‌ وابه‌سته‌ نابن به‌ رێنماییه‌ نوێیه‌كه‌وه‌.

1886 جار خوێندراوەتەوە