بزوتنەوەی گۆڕان: پشتگیری لە سەرجەم ئەو رەخنانە دەكەین كە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی دەگیرێن

KNN : Kurdish News Network
04:13 - 19/06/2019
کوردستان
+
-

بزوتنەوەی گۆڕان: هەمیشە بە شێوازێكی شارستانی لە دژی كارە نادەستوری و نایاساییەكان دەوەستینەوە
بزوتنەوەی گۆڕان: كێشە و پرسی نەوت و غاز و مادەی (140) بودجەی ساڵانە و پێشمەرگە پرسی نیشتیمانین


بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت: هەمیشە بە شێوازێكی شارستانی لە دژی كارە نادەستوری و نایاساییەكان، دەوەستێتەوە و پشتگیری لە سەرجەم ئەو رەخنانە دەكات، كە لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی دەگیرێن.


ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ بزوتنەوەی گۆڕان لە بەیانامەیەكدا، جەخت دەكاتەوە لەوەی، هەر رەخنەیەك لەلایەن هەڵسوڕاوانی حیزبی و حكومەت و پەرلەمانەوە بگیرێ، بە ناڕەوا بۆ مەرام و بەرژەوەندیی كەسیی و بۆ خۆنواندن و خۆدەرخستن بە زمانێكی ناشایستە و ناشارستانی، گوزارشت لە سیاسەت و بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان ناكات‌و بەڵكو رەتیشی دەكاتەوە.

راشیدەگەیەنێت: بزوتنەوەی گۆڕان، وەك هێزێكی سیاسیی مەدەنیی رەخنەگر دروست بوە و واش دەمێنێتەوە‌و هەر لەگەل دەسپێكی كاری سیاسی و راگەیاندنی ئەم بزوتنەوەیەدا، دروشمی (رەخنە بە زمانی گوڵ) ی هەڵگرت.

هاوكات، جەخت لەوەش دەكاتەوە، كە كێشە و پرسی نەوت و غاز، مادەی (140)، بودجەی ساڵانە و پێشمەرگە، كە هەموویان پرسی نیشتیمانین، و نابێ بكرێت بە بابەتی موزایەدە لەنێوان لایەنەكانی هەرێم، و دەبێ بە رێكاری دەستوری و یاسایی چارەسەر بكرێ لەنێوان هەرێم و بەغدا، بە بەشداریی و هاوكاری و هەماهەنگی تەواوی لایەنەكانی كوردستان لە بەغدا.

بۆ بابەتی نەوت و غاز و بودجەی هەرێمیش، بزوتنەوەی گۆڕان جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە دەبێ بە رێگای دەستوری ‌و یاسایی چارەسەر بكرێ، ئەویش بە دەركردنی یاسای نەوت و غاز و دەركردنی یاسای دەستەی گشتی چاودێریكردنی داهاتە تەرخانكراوەكانی فیدڕاڵی بەپێی (مادەی 106ی دەستوری هەمیشەیی عێراق) و دروستكردنی ئەو دەستەیە بە زوترین كات، كە دەركردنی ئەو یاسایانە و دروستكردنی ئەو دەستەیە، تەنیا زامنە بۆ ئەوەی جارێكی تر بودجەی هەرێم و موچەی فەرمانبەران بدرێ، و نەوتیش بە گشتی بخرێتە خزمەتی هاوڵاتیان لە عێراق و هەرێم.

 

 دەقی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌..

بزوتنەوەی گۆڕان، وەک هێزێکی سیاسی مەدەنی رەخنەگر دروست بووە، و واشدەمێنێ، هەر لەگەل دەسپێکی کاری سیاسی و راگەیاندنی ئەم بزوتنەوەیەدا، دروشمی (رەخنە بە زمانی گوڵ) ی هەڵگرت.

هەر لەبەر ئەوەیە، کە رەخنەگرتن بە زمانی گوڵ بابەتێکی حەیاتیە بۆ بزوتنەوەی گۆران، بۆ ئەوەی هەمیشە بە شێوازێکی شارستانی لە دژی کارە نا دەستوری و نایاساییەکان، و لە دژی هەموو شێوازەکانی گەندەڵی خەبات بکات و بوەستێتەوە.

بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان بەهەموو توانای پشتگیری لە سەرجەم ئەو رەخنانە دەکات، کە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی دەگیرێ، و بە زمانی گوڵ و بە شێوازی شارستانی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم دەکرێت.

هەر رەخنەیەکیش لەلایەن هەڵسوڕاوانی حیزبی و حکومەت و پەرلەمانەوە بگیرێ بە ناڕەوا بۆ مەرام و بەرژەوەندی کەسێتی، بۆ خۆنواندن و خۆدەرخستن ، و بە زمانێکی ناشایستە و ناشارستانی ئاراستەی کەس و لایەن و دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم بکرێ، گوزارشت لە سیاسەت و بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان ناکات، بەڵکو رەتیشی دەکاتەوە.
 
سەبارەت بە کێشەو پرسی نەوت و غاز، مادەی (140)، بودجەی ساڵانە و پێشمەرگە، کە هەمویان پرسی نیشتیمانین، و نابێ بکرێ بە بابەتی موزایەدە لەنێوان لایەنەکانی هەرێم، دەبێ بە رێکاری دەستوری و یاسایی چارەسەر بکرێ لەنێوان هەرێم و بەغدا، بەبەشداری و هاوکاری و هەماهەنگی تەواوی لایەنەکانی کوردستان لە بەغدا.

بۆ بابەتی نەوت و غازو بودجەی هەرێمیش، بزوتنەوەی گۆڕان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە دەبێ بەرێگای دەستوری یاسایی چارەسەر بکرێ، ئەویش بە دەرکردنی یاسای نەوت و غاز و دەرکردنی یاسای دەستەی گشتی چاودێریکردنی داهاتە تەرخانکراوەکانی فیدڕاڵی بەپێی (مادەی 106ی دەستوری هەمیشەیی عێراق)و دروستکردنی ئەو دەستەیە بە زوترین کات، کە چواردەساڵە دەسەڵاتدارانی عێراق بەگشتی خۆیان لە دەرکردنی ئەو یاسایانە ئەدزنەوە، کە دەرکردنی ئەو یاسایانە و دروستکردنی ئەو دەستەیە تەنیا زامنە بۆ ئەوەی جارێکی تر بودجەی هەرێم و موچەی فەرمانبەران بدرێ، و نەوتیش بە گشتی بخرێتە خزمەتی هاوڵاتیان لە عێراق و هەرێم .

تا دەرکردنی  ئەم یاسایەش مافی دەستوری هەرێمی کوردستانە نەوت و غاز بەرهەم بهێنێ و ئیدارەی سامانە سروشتیەکانی هەرێم بکات، بەڵام جەخت لەوە دەکەینەوە کە دەبێ ئەو داهاتانە شەفاف بێت و لەژێر چاودێری پەرلەمانی کوردستان، و بە بڕیاری حکومەتی هەرێم بۆ بەرژەوەندی هاونیشتیمانیانی کوردستان سەرف بکرێ .   

بزوتنەوەی گۆران
19/6/2019

2351 جار خوێندراوەتەوە