سەڵاحەدین دەمیرتاش لە دادگای سزا قورسەكانی مێرسین، لەسەر دۆسیەیەكی 10 فایلی جیاواز دادگایی كرا و بەرپرسانی توركیاش داوای 20 ساڵ زیندانی بۆ دەكەن، دادگاش دانیشتنەكەی بە كراوەیی بۆ 15ی ئایاری ساڵی داهاتوو دواخست.
هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بە تۆمەتی سوكایەتی بە دامودەزگا و دەزگا فەرمییەكانی دەوڵەت لە وتارەكانیدا لە ساڵانی 2015 و 2016دا، سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە و لە ڕێگەی سیستمی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لە زیندانی ئەدرنە كە لەوێ دەستبەسەرە، بەشداری دانیشتنەكەی كرد.
سەڵاحەدین دەمیرتاش لە دادگاییەكەدا وتی، دەبینن كە جیاكارییەكی ڕوون لە دژی ناسنامەی ئەو وەك سیاسەتمەدارێكی كورد هەیە و وتیشى: (من كوردم، سیاسەتمەدارێكی كوردم، هەر بۆیە دادگایی دەكرێم)..
دەمیرتاش جەختیشى کردەوە لەوەى، كەس ناتوانێت وایان لێبكات، كڕنوش ببەن.
291 جار خوێندراوەتەوە