سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی، هۆشداری لە توندبونەوەی ناكۆكییەكانی ناوخۆی و
نێوان پێكهاتەكانی عێراق دەدات و داوا دەكات سەرجەم هێزە سیاسییەکان بەئاڕاستەی
چارەسەركردنی كێشەكان گفتوگۆیەك بۆ ئاشتەوایی نیشتیمانی رێكبخەن.
هەواڵ: (KNNC)
ئەیاد عەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی بەمیدیا عێراقییەكانی
راگەیاندوە: لەپێناو ئایندەیەكی باشتر بۆ عێراق و عێراقییەكان كە بەدرێژای ساڵانی
رابردو خەڵك و هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان هەوڵیان داوە كە دوای روخانی رژێمی پێشو بە هەر
سێ پێكهاتە سەرەكییەكە (شیعە، سوننە و كورد) و كەمە نەتەوە و ئاینە جیاوازەكانی
دیكەوە عێراقێكی دیموكراسی و گەیشتن بە دەوڵەتێكی هاوڵاتیبون بنیادبنێن، بەڵام
بارودۆخی ناوماڵی شیعە، سوننە و كوردیش ئاڵۆزە و نەتوانراوە بەم ئامانجە بگات.
وتیشی: بەردەوامی ئەم بارودۆخە، ناكۆكییە ناوخۆییەكان زیاتر دەكات، كە
ئەوەش جێگەی نیگەرانییە و مەترسی گەورە دروست دەكات و ئەگەری تەقینەوەی بارودۆخەكە
و دابەشبونی عێراقی بەدواوەیە.
ئەیاد عەلاوی داوا دەكات؛ كە هێزە سیاسییە نیشتمانییەکانی وڵات، کۆنفرانسی
دیالۆگی نیشتمانی سازبكەن و نوێنەری هەمو
هێزە سیاسییەکان، فیدراسیۆنەکان، شێخەکانی عەشایر و نوێنەرانی گەل بەشداری تێدا
بكەن و گفتوگۆکردن لەسەر پرسە بنەڕەتییەکان و رەوتی پڕۆسەی
سیاسی بكەن بۆ گەیشتن بە ئاشتەوایی راستەقینەی نیشتمانی.
سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی راشیگەیاندوە: بۆ كەمكردنەوە ئەو ململانێ
توندانە و كەمكردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەكان كە ناوچەكە بەدەستییەوە دەناڵێنێت، دڵنیام
بەستنی كۆنگرەیەكی نیشتیمانی عێراق دەگەڕێنێتەوە بۆ پێگە نێودەوڵەتییەكەی خۆی و
رۆڵی سەرەكی دەبینێت لە بەدەستخستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە.
200 جار خوێندراوەتەوە