سودانى: پێویستە هەرێم و نەوتى عێراق بەپەلە کار بە هەموارى یاساى بودجە بکەن

KNN : Kurdish News Network
09:30 - 02/02/2025
عێراق
+
-

سەرۆک وەزیرانى عێراق پێشوازى لە بڕیارى هەموارکردنى یاساى بودجە دەکات و داواش دەکات هەرێمى کوردستان و وەزارەتى نەوتى عێراق بەپەلە کار بە هەموارەکە بکەن.


هەواڵ:KNNC

 

باسم عەوادى، وتەبێژى سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاند؛ سودانى پێزانینى خۆى بۆ هەموارى یاساى بودجەى ساڵانى 2023-2024-2025 دەربڕیوە.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەشکردوە کە دەنگدان لەسەر هەموارکردنەوەکە بەپێی ئەو دەقەیەی کە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی کردوە، جەخت لە سەقامگیریی سیاسی و دۆخی لێکتێگەیشتن دەکاتەوە کە تایبەتمەندە بە ئەم قۆناغەوە و رەنگدانەوەی هاوکاری باڵای نێوان حکومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانە بۆ بەردەوامبون لە کارکردن لە پێناو بەردەوامیدان بە چەرخی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە و چاکسازی کە دەستیپێکردوە و ناوەستێت.

 

داواشى کردوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، دەستبەجێ کار بەم هەموارە بکەن، لەپێناو باشترکردنی وەبەرهێنانی سامانە سروشتییەکان بەتایبەتی سامانی نەوت و رێگە بدەن ئەم سامانە فاکتەرێک بێت بۆ پتەوکردنی سەقامگیری.

 

ئەمڕۆ ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق دەنگى لەسەر هەموارى یاساى بودجەدا و بەوپێیەش هەناردەى نەوتى هەرێم لەڕێی کۆمپانیاى سۆمۆوە لە بەندەرى جەیهان دەستپێدەکاتەوە.

31 جار خوێندراوەتەوە