وردەکاری روداوی تەقەکردن لە دۆناڵد ترەمپ؛ ناسنامەی تەقەکەرەکە ئاشکرا بو

KNN : Kurdish News Network
09:29 - 14/07/2024
جیهان
+
-

لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپ-ی کاندیدی سەرۆکایەتی ئەمەریکا سەرقاڵی وتاردان بو لە ویلایەتی پەنسلڤەینیا، لەناکاو لە ناو جەماوەرەوە تەقەی لێکراو و گوێی راستی بریندار کرا و دوای چەند کاتژمێرێک لە وەرگرتنی چارەسەر  نەخۆشخانەی بەجێهێشت.

 

هەواڵ:KNNC

 

روداوى تەقەکردن و بریندارکردنى دۆناڵد ترەمپ، کاندید بۆ پۆستى سەرۆکى ئەمەریکا و سەرۆکى پێشوى ئەو وڵاتە بەمشێوەیەیە: لەکاتى وەستانى ترەمپ لەسەر سەکۆى وتاردان و دواى شەش خولەک لە بانگەشەکانى بۆ هەڵبژاردنى نۆڤەمبەر، دەنگى تەقە بیسترا و لەگەڵیدا ترەمپ دەستى بە گوێی راستییەوە گرت و سەیرى دەستە خوێناوییەکانى کرد و بۆ پارێزگاریکردنیش لە خۆى راستەوخۆ خۆى چەماندەوە.

 

شەش ئەفسەری دەزگای نهێنی بەپەلە چونە سەر ستەیجەکە و گەمارۆی ترەمپیاندا.

 

ئەفسەرانی دەزگای نهێنی بۆ ماوەی 25 چرکە ترەمپیان لەسەر زەوی هێشتەوە و لەناکاو دەنگی کەسێک بیسترا هاواری دەکرد "تەقەکەرەکە کەوتوەتە خوارەوە".

 

دواتر ئەفسەرەکان ترەمپیان بەرزکردەوە، ترەمپ بەردەوام بو لە وتنەوەی دروشم، زۆرێکیش لە جەماوەرەکەی هاوارایان دەکرد، "ئەمریکا، ئەمریکا".

 

کۆشکی سپی لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا قسەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، کردوە و لەبارەی دۆخی تەندروستییەوە گفتوگۆیان کردوە.

 

 بە گوێرەی میدیاکانی ئەمەریکا دوابەدوای تەقەکردنەکە، لێکۆڵینەوەکان لە هەوڵی کوشتنی ترەمپ دەستیپێکردوە و سەرچاوە ئەمنییەکانیش دەڵێن: لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریان خستوە لە روداوەکەدا دوو کەس کە یەکیان تەقەکەرەکەیە کوژارون و کەسێکیش بە سەختی بریندار بوە.

 

هەر لەو بارەیەوە پۆلیسی فێدراڵی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هێرشەکە تیرۆریستی بوە، بەڵام بەڵگەیەک لەبەر دەستدا نییە بۆ ئەوەی هەڕەشەی هێرشێکی دیکە لەسەر تڕەمپ هەبێت.

 

دواتر نوسینگەی فیدراڵیی لێکۆڵینەوەی ئەمریکا (FBI) ناسنامەی ئەو کەسەی ئاشکرا کرد کە تەقەی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەو وڵاتە کردوە و رایگەیاند، تەقەکەرەکە ناوی تۆماس ماتیو کروکس-ە تەمەن 20 ساڵە و خەڵکی ویلایەتی پەنسلڤەینیایە.

2613 جار خوێندراوەتەوە