ئەمەریکا
رەزامەندیداوە بە فرۆشتنى کەرەستەى سەربازیی بە ئیسرائیل بەبەهاى زیاتر لە 20 ملیار دۆلار
و ئاشکرایدەکات، رادەستکردنى ئەم کەرەستە سەربازییانە تا کۆتاییەکانى ساڵى 2026
رونادات.
ئابورى:KNNC
بەپێی بەیاننامەیەکى
وەزارەتى بەرگرى ئەمەریکا (پنتاگۆن) دوێنێ سێشەممە رەزامەندیدراوە بە فرۆشتنى
فڕۆکەى جەنگى و کەلوپەلى سەربازیی بەبەهاى 20 ملیار دۆلار بە ئیسرائیل و ئاماژە بۆ
ئەوەکراوە کە "رادەستکرنى ئەم هاوکارییانە چەند ساڵى داهاتو دەبێت".
بەیاننامەکە ئەوەى تێدا هاتوە کە ئەنتۆنى
بلینکن، وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا رەزامەندیداوە بە فرۆشتنى فڕۆکەى ئێف-15 بەبەهاى
19 ملیار دۆلار و تەقەمەنیی تانک
بەبەهاى 774 ملیۆن دۆلار و تەقەمەنیی هاوەن بەبەهاى زیاتر لە 60 ملیۆن دۆلار و
ئۆتۆمبێلى سەربازیی بەبەهاى 583 ملیۆن دۆلار.
چاوەڕێ دەکرێت بەرهەمهێنانى فڕۆکەى جەنگى
ئێف-15 کە لەلایەن کۆمپانیاى بۆینگ بەرهەمدێت تا ساڵى 2029 کۆتایی نەیەت و کەرەستە
سەربازییەکانى دیکەش لە کۆتاییەکانى 2026 رادەستى ئیسرائیل دەکرێت.
لە بەیاننامەکەدا پنتاگۆن جەخت دەکاتەوە کە
پابەندن بە ئاسایشى ئیسرائیلەوە و لە بەرژەوەندى نیشتیمانیی ئەمەریکادایە
هاوکارییان بکات و تواناکانیان بەهێز بکات و بیانپارێزێت.
لاى خۆیەوە، یواف گالانت، وەزیرى بەرگریی ئیسرائیل لە بڵاوکراوەیەکیدا لە تۆڕى
کۆمەڵایەتیی ئێکس سوپاسى بەرپرسانى ئەمەریکاى کرد بۆ هاوکارییە سەربازییەکانیان و
پابەندییان بە ئاسایشى ئیسرائیل.
تا ئێستا ئەمەریکا بەبەهاى 6.5 ملیار دۆلار
هاوکاریی ئیسرائیلى کردوە، لە 10 مانگى جەنگى نێوان ئیسرائیل و حەمماسیشدا لە
کەرتى غەززە نزیکەى 40 هەزار فەڵەستینى کە زۆرینەیان ژن و منداڵن کوژراون و زیاتر
لە دوو ملیۆن هاوڵاتى دیکەى کەرتەکەش ئاوارە بون.
352 جار خوێندراوەتەوە