لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنە سەبازییەكانی توركیا و ئێران
بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان لە (33) ساڵی رابردودا (845) هاوڵاتی بون بەقوربانی.
هەواڵ: (KNNC)
لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رێكخراوی تیمی كوردستانی
عێراق (CPT)ـی ئەمەریكی رایگەیاند: لەئەنجامی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی
توركیا و ئێران بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان، سەرباری چەندین چیرۆكی تراژیدیا و
ماڵوێرانی (845) هاوڵاتی مەدەنی بون بەقوربانی، تیمەكە داتای نێوان ساڵەكانی (1991
بۆ تەمموزی 2024) بەهاوكاری ژمارەیەك خۆبەخش و خانەوادەی قوربانیان كۆكردوەتەوە.
ئەوەیانخستەڕو، ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی
توركیا و ئێران لە ماوەی (33) ساڵی رابردودا (845) بەقوربانی هاوڵاتی مەدەنی لێكەوتوەتەوە كە (194) لە قوربانییەكان منداڵن.
رێكخراوەكە رونیكردوەتەوە، لە (83%)ـی قوربانیان لەلایەن توركیاوە شەهید و بریندار كراون، كە تا ئێستا لە (93%)ـی بریندارەكان و (48%)ـی شەهیدەكان
قەرەبو نەكراونەتەوە، لەگەڵ وێرانبون و چۆڵكردنی زیاتر لە (170) گوندی هەرێمی
كوردستان.
رێكخراوی تیمی كوردستانی عێراق (CPT)ـی ئەمەریكی
ئاماژی بۆ ئەوەكرد، لە ئۆپراسیۆنەكانی توركیادا (702) هاوڵاتی مەدەنی بون بە
قوربانی كە (344) هاوڵاتی شەهید و (358) كەسی دیكەی بریندار بون، هەوەها
قوربانییەكانی ئۆپراسیۆنەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە (33) ساڵی رابردودا گەیشتوە
بە (143) كەس، لەو ژمارەیەش (81) شەهید و
(62) هاوڵاتی دیكەی مەدەنی بریندار بون.
لەسەر قوربانیانی ژنان و منداڵان راشیگەیاند: لە ئەنجامی هێرش و پەلامارەكانی ئەو دو وڵاتە بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستانی عێراق (204) ژن
بون بەقوربانی لەگەڵ (194) منداڵ كە تەمەنیان لەخوار تەمەنی یاساییەوە بون.
326 جار خوێندراوەتەوە