کەسوکاری کوژراوەکە: کوڕەکەمان لەسەر ئەوەی بە کوردی قسەی کردوە کوژراوە

KNN : Kurdish News Network
07:40 - 01/09/2024
کوردستان
+
-

هاوڵاتیەکی پارێزگای دهۆک لە شارى ئیستەنبوڵى تورکیا کوژرا، کەسوکارەکەیشی دەڵێن، لەسەر ئەوەی بە زمانی کوردی قسەی کردوە بە 12 کەسەوە لێیان داوە و چەقۆیان داوە لە دڵی..


هەواڵ:KNNC


بەرەبەیانی ئەمڕۆ هاوڵاتییەکی دانیشتوی ناحیەی کەڵەکچی سەر بە پارێزگەی دهۆک، بەهۆی شەڕ و دەمەقاڵە لەگەڵ چەند کەسێک لە ئیستانبوڵی تورکیا کوژرا، یەکێک لە کەسوکارەکەیشی بۆ کەی ئێن ئێن ئەوەی ئاشکرا کرد کە کوڕەکەیان لەسەر ئەوەی بە کوردی قسەی کردوە بە 12 کەس لێیان داوە و کوشتویانە.


ئاماژەی بەوەش کرد، لەکاتی شەڕەکەدا، برازایەک و ئامۆزایەکی لەگەڵ کوژراوەکە بون، ئەوانیش بریندار بون و دواتر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراون، بەڵام تۆمەتبارانی روداوەکە هەڵاتون.


کەسوکارەکەیشی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا داوایان کرد هەرچی زوە حکومەتی هەرێم بێنە سەر خەت و نەهێڵن خوێنی کوڕەکەیان بەهەدەر بڕوات.


لای خۆیشیەوە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێم داوای لێکۆڵینەوە دەکات لە کوشتنی ئەو هاوڵاتییە و دەڵێت: ئەو هەواڵە هەموانی نیگەران کرد و پێشهاتێکی خراپە بۆ وڵاتێکی گەورەی وەک تورکیا کە بەوڵاتێکی گەشتیاری ناسراوەو ساڵانە هەزاران هاوڵاتی بۆ گەشت و بازرگانی سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن و بۆ هەرێمی کوردستانیش تورکیا وڵاتێکی گرنگ و دراوسێیە."


ئاماژە بەوەش دەکات، ئێمە سەرەڕای ئەوەی ئیدانەی کوشتنی ئەو هاوڵاتیە دەکەین لێرەوەش لەڕێگەی قونسڵخانەی تورکیا لەهەرێم و لەڕێگەی حکومەتی هەرێم و پەیوەندی دبلۆماسی نێوان هەدوولا داوا دەکەین حکومەتی تورکیا لێکۆڵینەوە بکات لەڕووداوەکەو تۆمەتباران بدۆزرێنەوەو بدرێنە دادگاو بەسزای یاسایی خۆیان بگەن و ڕێکاری پێویست بگیرێتە بەر بۆ پاراستنی گەشتیارو سەردانیکاران.

743 جار خوێندراوەتەوە