سادق شێخ عوسمان: 12 موچە بەسەر یەكەوە بەخانەنشینان دەدرێت

KNN : Kurdish News Network
05:42 - 10/02/2025
کوردستان
+
-

بەپێی رێككەوتنەكەی نێوان هەرێم و عێراق یاسای خانەنشینی یەكگرتو وەك خۆیی و بەسەر هەمو خانەنشینانی هەرێمدا جێبەجێ دەكرێت، ئەو كەسانەشی لەساڵی (2022) خانەنشین كراون موچەكەیان هاوتای بەغداد دەكرێت و پاداشتی كۆتایی خزمەت كە پێدانی (12) موچەی خانەنشینییە بەسەریەكەوە وەردەگرن.


هەواڵ: (KNNC)


لەوبارەیەوە و لەبەرنامەی پرسی رۆژی (KNN)ـدا سادق شێخ عوسمان، وتەبێژی یەكێتی خانەنشینانی كوردستان رایگەیاند: بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەنێوان وەزارەتی دارایی هەرێم و وەزارەتی دارایی فیدراڵدا ئەنجام دراوە، یاسای (9)ـی خانەنشینی یەكگرتو وەك خۆی و بەسەر هەمو خانەنشینانی هەرێمدا جێبەجێ دەكرێت.


وتیشی: یاساكە گرنگی زۆری هەیە، چونكە جیاوازی نێوان موچە بەرز و نزمەكان، كەم كردوەتەوە، هەر لەبەر ئەوەشە پێی دەوترێت خانەنشینی یەكگرتو سەرجەم كە بەدڵنیاییەوە ئەو فەرمانبەرانەی پێش ساڵی (2022) خانەنشین بون، موچەیان هاوتای بەغداد دەكرێت و بەو جۆرەش بەردەوام دەبێت.


سەبارەت بە پاداشتی كۆتایی خزمەت كە پێدانی (12) موچەی خانەنشینییە بەسەریەكەوە، رونیكردەوە، دوای تەواو كردنی مامەڵەی خانەنشینی بۆ ئەو كەسانەی كەلە مانگی (12ـی 2023) خانەنشین بون، كە پێدەچێت مامەڵەكەیان نزیكەی دو مانگ بخایەنێت (12) موچەكەیان بەسەر یەكەوە وەردەگرن.


لەسەر خانەنشینی پێشمەرگە وتەبێژی یەكێتی خانەنشینانی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە بەپێی یاسای (9)ـی یەكگرتوی خانەنشینی، كە چۆن بۆ ئەفسەرێكی سوپای عێراق جێبەجێ دەكرێت، هاوشێوەش بۆ هێزەكانی پێشمەرگە جێبەجێ دەكرێت، بەڵام بەهۆی فرە جۆری لە خانەنشینی پێشمەرگەدا كەمێك گرفتی بۆ جێبەجێ كردنی بڕیارەكە دروستكردوە، كە بەدڵنیاییەوە ئەوەش چارەسەر دەكرێت.

1588 جار خوێندراوەتەوە