بزوتنەوەی حەماس بڕیاری دا بە راگرتنی ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکان بۆ کاتێکی نادیار

KNN : Kurdish News Network
11:22 - 10/02/2025
جیهان
+
-


حەماس و ئیسرائیل یەكتر تۆمەتبار دەكەن بە پێشێلكردنی ئاگربەست، حەماس بڕیاریدا بە دواخستنی ئازادكردنی بارمتەكان لە وەجبەی شەشەمدا و ئیسرائیلیش ئامادەكاریی بۆ هەر ئەگەرێك دەكات.

هەواڵ:KNNC


 وتەبێژی كەتیبەكانی عیزەدین قەسام، ئەبو عوبەیدە، باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماس پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە؛  ئازادكردنی ئەو بارمتانەی بڕیار بو ڕۆژی شەممەی داهاتو 15ی شوبات  وەک وەجبەی شەشەم ئازاد بكرێن، دوادەخرێت بۆ كاتێكی نادیار تا ئەو كاتەی ئیسرائیل پابەند دەبێت بە ڕێكەوتنەکەوە.

ئەو بەرپرسەی حەماس  دەشڵێت؛ چاودێریی پێشێلكارییەكانی ئیسرائیلیان كردوە لە سێ هەفتەی ڕابردودا و بۆیان دەركەوتوە، ئیسرائیل پابەند نەبوە بە ڕێككەوتن و گەڕانەوەی ئاوارەكان و گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەكان و ڕاگرتنی شەڕ، وەک  وەك ئەوەی ڕێكەوتنی لەسەر كرابو.



لەبەرامبەر ئەم کارەی حەماسدا وەزیری بەرگری ئیسرائیل، یسرائیل كاتس،  جەختی كردەوە ڕاگەیاندنەكەی حەماس بۆ دواخستنی ئازادكردنی بارمتەكان پێشێلكردنی تەواوی ئاگربەستە و فەرمان بە سوپا كراوە ئامادە بێت بۆ هەمو سیناریۆكان.

 

بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە ئاژانسی رۆیتەرزی ڕاگەیاندوە؛ لەبارەی بەیاننامەکەی حەماسەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سبەینێ سێشممە  کۆبونەوەیەکی ئەمنی کە وەزیرانی بەرگری و ئاسایشی نیشتمانی و کاروباری دەرەوە لەخۆدەگرێت  ئەنجام دەدات.


 ئاژانسی رۆیتەرز ئەوشی خستوەتە ڕو وڵاتانی نێوەندگیر لە ئاگربەستەکدا کە هەریەکە لە میسر،  قەتەر و ئەمەریکان ترسیان لە هەڵوەشندنەوەی ئاگربەسەتەکە هەیە.


ئەمە لەکاتیكدایە  ئاگربەستی غەززە لە رێكەوتی 19ی مانگی رابردو كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، تا ئێستا پێنج وەجبەی ئازادكردنی بارمتە و زیندانیەكان لەنێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بەڕێوەچوە و تێیدا 21 بارمتەی ئیسرائیلی لەبەرامبەر   783 زیندانی ئازاد كراون.


546 جار خوێندراوەتەوە