ترەمپ: لەبەرامبەر هاوکارییەکانمان دەبێت 500 ملیار دۆلار لە ئۆکرانیا وەرگرینەوە

KNN : Kurdish News Network
09:18 - 11/02/2025
جیهان
+
-


دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئۆکرانیا  ڕەزامەندی دەربڕیوە بە بەهای نیو تریلیۆن دۆلار لە کانزا دەگمەنەکانی ژێر زەوی  ڕادەستی ئەمەریکا بکات لە بەرامبەر ئەو هاوکارییە سەربازییانەی واشنتۆن پێشکەشی کیێڤی کردوە.

هەواڵ: KNNC


ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست بڵاویکردوەتەوە؛ سەرۆکی ئەمەریکا جەختیکردوەتەوە کە دەبێت  دەستییان بە سامانە سروشتییەکانی ئۆکرانیا بگات، بەبێ گوێدانە ئەوەی ڕێککەوتنی ئاشتی لە نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیادا جێبەجێ دەکرێت یاخود نا.

ترەمپ وتویەتی بە بەهای زیاتر لە 300 ملیار دۆلار یارمەتییان پێشکەش بە ئۆکرانیا کردوە، ئەمەش زۆر زیاترە لە هەر وڵاتێکی دیکە بەشداری لە جەنگەکەدا کردوە.

لە بارەی ئۆکرانیاوە ئاماژەی بەوەداوە  "ئەوان زەوییەکی بەنرخی باوەڕپێنەکراویان  هەیە لەڕوی کانزا دەگمەنەکان، نەوت و گاز و سەرچاوەکانی دیکەوە و دەمەوێت پارەکەمان سەلامەت بێت، چونکە سەدان ملیار دۆلارمان لە ئۆکرانیا خەرج دەکردوە".


سەرۆکی ئەمەریکا بە دەسەڵاتدارانی کێفی وتوە:  بەبەهای نزیکەی 500 ملیار دۆلار کانزای دەگمەنی ژێر زەوییان دەوێت و ئەوانیش  لەسەر ئەو داوایە رازی بون.

لەبارەی جەنگەکەوە  ترەمپ وتویەتی  "گەمژەیی" دەبێت بەردەوام بین لە یارمەتیدانی ئۆکرانیای لە شەڕی روسیادا بەبێ ئەوەی لە بەرامبەردا هیچمان دەستبکەوێت.


نزیکەی لەسەدا پێنجیی سەرچاوە کانزاییەکانی جیهان لە  ئۆکرانیادایە  وڵاتەکە دەوڵەمەندە بە نەوت و کانزاکانی  تیتانیۆم، یۆرانیۆم، ئاسن، مەنگەنیز و لیتیۆم، هەروەها چەندین کانزای  دیکەی دەگمەنی هەیە کە ئەمەش وادەکات  بۆ ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا  گرنگ بێت و ترەمپ چاوی لە دوایان بێت.

882 جار خوێندراوەتەوە