بەمەبەستی یەکخستنی
رێکارەکانی سیستەمی دارایی و ژمێریاریی لە
نێوان حکومەتی هەرێم و فیدراڵ، لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بەکۆی دەنگ رەشنوسەكە
وەک خۆی پەسەندكرا و وەزارەتەكانیش راسپێردران كە پەلە بكەن لە چالاککردنی بە
ئەليکترۆنیکردنی سیستمی پێدانی موچە، لە راگەیەندراوێكیشدا ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت: پێویستە وەزارەتی دارایی فيدراڵ تەواوکاریی موچەی مانگی تەمموز و ئاب بە پەلە ڕەوانە بکات.
هەواڵ: (KNNC)
لە راگەیەندراوێكدا ئەنجومەنی
وەزیرانی هەرێم بڵاویكردەوە؛ لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، رەشنوسی
بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران كە تایبەتە بە یەکخستنی رێکارەکانی سیستەمی دارایی و ژمێریاریی لە نێوان حکومەتی
هەرێم و فیدراڵ، خرایەڕو، بەکۆی دەنگ بڕیارەکەی وەک خۆی پەسەندكرا.
هاوكات، ئەنجومەنی وەزیران
وەزارەتەکانی راسپارد کە بەردەوام بن لە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ و تیمی
هاوبەشی چاودێریی دارایی هەردولا و تەواوکردنی تۆماری بایۆمەتریی و پێدانی ژمارەی
وەزیفی بە هەمو موچەخۆران و پەلەکردن لە چالاککردنی بە ئەليکترۆنیکردنی سیستمی
پێدانی موچە، لەبەرامبەریشدا وەزارەتی دارایی فيدراڵ تەواوکاریی موچەی مانگی
تەمموز و ئابی (2024) بەپەلە رەوانە بکەن.
لەراگەیەندراوەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی
هەرێمی كوردستان ئەوەشخراوەتەڕو، ئەنجومەنی وەزیران لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد
ئامادەکاریی پێویست بكەن بۆ هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا و
سکرتاریەتی ئەنجومەنی فیدڕاڵیی ئابوری، هەروەها وەزیرەكانیش دۆسیە و پێشنیارەكانی
خۆیان ئامادە بكەن لە پێناوی چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان و ڕەخساندنی بواری
زیاتر بۆ کارکردنی پێکەوەیی نێوان هەردو حکومەت.
ئەمەش دەقی راگەیەندراوەكەی
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمە:
ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی ئەیلولی
2024، بە سەرپەرشتی سەرۆ وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.
لە دەستپێکی کۆبونەوەدا، سەرۆکوەزیران لە گوتەیەکدا ئاماژەی بە چەند
خاڵێک کرد وەک، بە گرێبەستکردنی وانەبێژان، سەرۆک وەزیران پیرۆزبایی لە وانەبێژان
کرد کە بڕیاردرا لە سەر داهاتی ناوخۆ بکرێنە گرێبەست و هیوای خواست ئەم بڕیارە
مایەی ڕەزامەندی مامۆستایانی وانەبێژ بێت و ببێتە هۆی زیاتر هاندانیان بۆ
خزمەتکردنی پرۆسەی خوێندن و پەروەردە لە هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکومەت هەروەها پیرۆزبایی لە خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کرد
بۆ هاوتاکردنی موچەی خانەنشینیان لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ کە لە
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەنگی لەسەردرا و پەسەند کرا ، لە سەر ئاستی حکومەتی
فیدڕاڵیش دواجار توانرا بگەینە ڕێککەوتن و لەم مانگەوە خانەنشینانی هەرێمی
کوردستان موچەکانیان بە هاوتاکراوی لەگەڵ خانەنشینانی حکومەتی فیدراڵ وەرگرت.
گوتیشی خانەنشینان دڵنیا دەکەینەوە کە هەمیشە پاڵپشتی داوا و داخوازییە ڕەواکانیان
دەبین و ئەم بەشە ماندوەی هەرێمی کوردستان کە بەشێکی زۆری ژیانی خۆیان بۆ خزمەتی
گشتی تەرخان کرد شایانی هەمو پشتیوانییەکن.
لە کۆتایی گوتەکەیدا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە هەڵمەتی بانگەشەی
هەڵبژاردن کرد کە بڕیارە لەم مانگەدا دەست پێ بکات، لەم ڕوەوە سەرۆک وەزیران گوتی
بێگومان لایەنە سیاسیەکان ئازادن لە چوارچێوەی پەیڕەو وڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی
باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان چۆن بانگەشە بکەن، بەڵام داوایان لێ دەکەم کە بە
شێوەیەکی شارستانی و دور لە سوکایەتی و ناوزڕاندن بانگەشە بکەن ، چونکە هەمومان
کوردستانین و ڕۆڵەی ئەم نيشتمانەین و دەبێ بە بەرپرسیاریەتییەوە ڕەفتار بکەین.
لە بڕگەی یەکەمی کارنامەی کۆبونەوەکە، ڕەشنوسی بڕیاری ئەنجومەنی
وەزیران تایبەت بە یەکخستنی ڕێکارەکانی تایبەت بە سیستەمی دارایی و ژمێریاریی لە
نێوان هەردو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی دەسەڵات و مافە
دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە لایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری
پەرلەمان و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانەوە خرایەڕو.
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ ڕەشنوسی
بڕیارەکەی وەک خۆی پەسەند کرد لە پێناو یەکخستنی ڕێکارەکانی تایبەت بە سیستمی
دارایی وژمێریاری لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ بە ڕەچاوکردنی
تایبەتمەندیی دەستوریی هەرێم و دەسەڵاتەکانی کە لەناو دەستوری عێراق جێگیرکراون،
وەک ئاشکراشە لە دوای ساڵی 2014 ەوە بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم، دابڕانێکی
تەواو ڕویدا لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ کە بوە هۆی پەیڕەوکردنی دو سیستمی دارایی و
ژمێریاریی جیاواز لە لایەن وەزارەتی دارایی هەردولا، بۆیە لە قۆناغی نوێی ئێستای
پەیوەندی هەردو حکومەت، ئەم هەنگاوە گرنگە و ڕۆڵی دەبێت لە ڕێکخستنەوەی پەیوەندی
دارایی و ژمێریاریی هەردولا و چارەسەرکردنی زۆربەی سەرنج و تێبینیەکانی تیمی
هاوبەشی چاودێریی دارایی لەسەر داهات و خەرجی و میلاکی حکومەتی هەرێم و یەکخستنی
شایستەی دارایی و موچەی موچەخۆران لە سەرتاسەری عێراق کە ئەمەش لە بەرژەوەندی موچەخۆرانی
هەرێمە کە بە هاوتاکردنی موچەی خانەنشینی دەستی پێکرد.
پاشان لە بڕگەی دوەمدا ، ئەنجامی کۆبونەوەی هاوبەشی نێوان شاندی
تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم و وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە کۆتایی
حەفتەی ڕابوردو لە بەغدا، هەروەها ئەنجامی دوایین کارەکانی تیمی هاوبەشی هەردو
دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فیدراڵ لەلایەن سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانەوە
خرایەڕو کە پوختەی ڕاسپاردە و سەرنج و تێبینیە تەکنیکیەکان و هەنگاوی جدیی وەزارەت
و دامەزراوەکانی هەرێم بو کە لە ماوەی پێشو ڕێکاری پێویستیان وەرگرتوە سەبارەت بە
ڕاسپاردە و سەرنجەکانی وردبینی هاوبەش و پێداچونەوەی داهات و خەرجیی ومیلاک و
لیستەکانی موچە، بەجۆرێک بەهانە و بیانوی تەکنیکی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ
نەمێنێت بۆ دواخستنی خەرجکردنی موچەی هەرێم، هەروەها بڕی ئەو پارانەش خرانەڕو
کەوەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بۆ موچەی هەردو مانگی تەمموز و ئاب خەرجی کردوە.
ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە بەردەوام بن لە هەماهەنگی
لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ و تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی هەردولا و تەواوکردنی تۆماری
بایۆمەتریی و پێدانی ژمارەی وەزیفی بە هەمو موچەخۆران و پەلەکردن لە چالاککردنی بە
ئەليکترۆنیکردنی سیستمی پێدانی موچە . لەبەرامبەریشدا پێویستە لە سەر وەزارەتی
دارایی فيدراڵ تەواوکاریی موچەی مانگی تەمموز و ئابی 2024 بە پەلە ڕەوانە بکەن
تاوەکو حکومەتی هەرێم بتوانێت لە نزیکترین دەرفەتدا، موچەی مانگی ئابی موچەخۆرانی
هەرێم خەرج بکات هاوتای موچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، کە ئێستا موچەخۆرانی
هەرێم شایستەی وەرگرتنی موچەی مانگی ئابن.
لە کۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی ئامادەکارییەکانی
ئەنجامدانی کۆبونەوەی تایبەتیی ئەنجومەنی ئابوریی وەزاریی فیدراڵ كرد کە وا بڕیارە
لەم ڕۆژانەدا لە هەولێر تایبەت بە دۆسێیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان وەزارەتەکانی
هەردولا ئەنجام بدرێت، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای پێشوازیی گەرمیی لە سازدانی ئەم
کۆبونەوەیە لە هەولێر، لە هەمانکاتدا حکومەتی هەرێم ئەم کۆبونەوەیە بە دەرفەتێکی
پڕ بایەخ دەزانێت تا لە نزیکەوە ڕوبەڕو وەزیرانی پەیوەندیداری لە هەردو حکومەتی
هەرێم وفیدڕاڵ گفتوگۆی جیدیی لەسەر دۆسێیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردو لا بکرێت
کە تائێستا چارەسەر نەکراون لە گشت بوار و کەرتەکاندا.
ئەنجومەنی وەزیران سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی فەرمانگەی
هەماهەنگی وبەدواداچون و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ ئامادەکاریی پێویست
بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا و سکرتاریەتی ئەنجومەنی
فیدڕاڵیی ئابوری، هەروەها وەزیرە بەڕێزەکانیش ڕاسپێردران بە پێی تایبەتمەندییان،
پێویستە دۆسیەی خۆیان ئامادە بکەن لەگەڵ خستنەڕوی پێشنیار و ڕاسپاردەی هاوسەنگ و
پێویست بە ڕەچاوکردنی دەسەڵاتە جێگیرکراوەکانی هاتو لە دەستوریی عێراق لە پێناوی
چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان و ڕەخساندنی بواری زیاتر بۆ کارکردنی پێکەوەیی نێوان
هەردو حکومەت لە پێناو خزمەتکردنی هاوڵاتیان و باشترکردنی بژێوی ژیانیان لە
سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
779 جار خوێندراوەتەوە