وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم رایگەیاند، رۆژی هەینی موچەی
سەرجەم فەرمانبەران و موچەخۆران دابەشدەکرێت و لە هەفتەی داهاتو راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی نۆ دەکرێت.
هەواڵ:KNNC
لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم بڵاویکردوەتەوە،
ماوەی سێ رۆژە شاندێکی تەکنیکی وەزارەتەکە لە بەغدادن بەمەبەستی تەواوکردنی
رێکارەکانی ناردنی تەمویلی موچەی مانگی ئەیلول و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم
ناردنی ئەو لێبڕینانەی لەمانگی شوبات تا مانگی ئاب راگیرابون، لەو ماوەیەدا چەندین
کۆبونەوەیان لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ
ئەنجامداراوە و لەسەر ئەم بابەتانە گەیشتونەتە رێککەوتن:.
1-دوای تەواوکردنی
سەرجەم ڕێکارەکانی ناردنی تەمویلی موچەی مانگی ئەیلول، ئێوارەی ڕۆژی چوار شەممە بڕی
( 598) ملیار دینار وەک تەمویلی موچەی مانگی ئەیلولی فەرمەنبەران و خانەنشینانی
شارستانی و فەرمانبەرانی گرێبەست خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری
هەرێمی کوردستان.
2- لەسەر ئەو
بنەمایە بڕیاردا رۆژی هەینی ( ٢٠٢٤/١٠/٤ ) دەست بەدابەشکردنی موچەی مانگی ئاب بکرێت
و لەماوەی چەند ڕۆژێکدا موچەی سەرجەم فەرمانبەران و موچەخۆران دابەش دەکرێت.
لە رونکردنەوەکەی
وەزارەتی داراییدا هاتوە، رونکردنەوە و زانیاری پێویست لەسەر ئەو لێبڕینانەی لەمانگی
شوبات تا مانگی ئاب لەلیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەبیانوی جیاواز ڕاگیرابون،
بەداتاو زانیاری دروست و نوسراوی فەرمی پێشکەش بەفەرمانگە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتی
دارایی حکومەتی فیدراڵ کراو بڕیارە هەفتەی
داهاتوو سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرج بکرێت.
وەزارەتی
دارایی دەشڵێت: دوای خەرجکردنی موچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەرانی عێراق، لە هەفتەی
داهاتودا راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەرانی هەرێم دەکرێت.
1133 جار خوێندراوەتەوە