وەزارەتى دارایی و
ئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند؛ لە دوو هەفتەى رابردودا بەشى زۆرى کێشە
تەکنیکییەکانى موچەیان لەگەڵ بەغداد چارەسەر کردوە و دەشڵێت: کورتهێنان لە موچەى
مانگى ئەیلول هەیە و چاوەڕێی بەغدادین تەواوکارەکەى بنێرێت.
دەقى رونکردنەوەکەى
وەزارەتى دارایی:
دوای سەردانی شاندی تەکنیکی
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، لەدوو هەفتەی ڕابردوودا بۆ شاری بەغداد
و کۆبوونەوەیان لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، بەشی زۆری
کێشە تەکنیکیەکانی لیستی مووچە چارەسەر کرا و بڕیاردرا بەخەرجکردنی هەموو ئەو لێبڕینانەی
لەلیستی مووچەی مانگەکانی ڕابردوو ڕاگیرابوون.
١- ڕۆژی دوو شەممە ( ٢٠٢٤/١٠/٧ ) بڕی
(٣٢٩،٣٩٢،٠٠٠،٠٠٠) سێسەد و بیست و نۆ ملیار و سێسەد و نەوەد و دوو ملیۆن دینار وەک
شایستەی مووچەی مانگی ئەیلولی هێزە ئەمنییەکان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی
دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
٢- بڕی تەمویلی ماوە لە بەردەستی وەزارەتی دارایی
هەرێمی کوردستان دوای پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی مانگی ئاب بریتییە لە (
٣٦١،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) سێسەد و شەست و یەک ملیار دینار.
٣- کۆی گشتی ئەو پارەیەی ئێستا لە بەردەست وەزارەتی
دارایی هەرێمی کوردستانە بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول بریتییە لە ( ٦٩٠،٣٩٢،٠٠٠،٠٠٠ )
شەش سەد و نەوەد ملیار و سێ سەدو نەوەدو دوو ملیۆن دینار بەوەش نزیکەی(
٣٠٥،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) سێسەد و پێنج ملیار دینار کورتهێنان بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی
ئەیلوول هەیە.
٤- لەسەر بنەمای ئەو بەڵێن و لێکتێگەیشتنانەی لەلایەن
وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بە شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی
كوردستان دراوە لەم چەند ڕۆژەدا سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرج بکرێت کە لە مووچەی
مانگەکانی ڕابردوو بڕدرابوو، تا بتوانرێت
کورتهێنانی مووچەی مانگی ئەیلولی پێ پڕ بکرێتەوە.
٥- لەمانگی تەمووزەوە کە مووچەی خانەنشینانی هەرێم
هاوتای عێراق کراوە، ئەو تەمویلەی کە بۆ مووچەی خانەنشینان زیاد بووە و بڕەکەی
مانگانە نزیکەی ( ٤٥،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) چل و پێنج ملیار دینارە و سەرجەمی لە داهاتی
ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین کراوە، سەرەڕای پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش لە نێوان هەرێم
و بەغداد و ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوە بەڵام هێشتا لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە
هیچ تەمویلێک بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان خەرج نەکراوە.
٦- زیاتر لە مانگێکە نووسراوی گواستنەوەی پارە
لە بڕگەی تەرخانکراوی خەرجی بەکاربردنەوە بۆ بڕگەی تەرخانکراوی چاودێری کۆمەڵایەتی
و خانەنشین لەپشکی هەرێمی کوردستان لەوەزارەتی دارایی عێراقە تا بتوانرێت تەرخانکراوی
دارایی بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان دەستەبەر بکرێت، بەڵام هێشتا لەلایەن وەزارەتی
دارایی عێراقەوە کاری لەسەر نەکراوە.
وەک وەزارەتی دارایی و
ئابووری چاوەڕوانین لەنزیکترین کاتدا گوژمەی تەواوکاری بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول لەلایەن
وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە خەرج بکرێت بۆ ئەوەی راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی
مووچەی مانگی ئەیلوول بکەین.
1518 جار خوێندراوەتەوە