عێراق بوەتە بەشێک لە ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ ئابوری وڵاتەکە مەترسی لەسەرە

KNN : Kurdish News Network
11:05 - 12/10/2024
ئابوری
+
-

سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی عێراق، رایگەیاند، بەھۆی ئەو شەڕەی کە ئێستا لە ناوچەکە ڕودەدات، کێشەی زۆر بۆ جموجۆڵی بازرگانی دروستکردوە بەتایبەت لە گواستنەوەی دەریایی و ئاسمانیدا.

 

ئابوری:KNNC

 

عەبدولڕەزاق زوھێری سەرۆکی یەکێتی ژورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە ئێستا بەردەوام بێت یان خراپتر بێت، ئەوا کاریگەری زۆری لەسەر ئابوری عێراق دەبێت، چونکە وڵاتەکە بوەتە بەشێک لەو شەڕەی کە ئێستا لە ناوچەکە ڕوو دەدات.

 

دەشڵێت: هەرچەندە عێراق بەشێک نییە لەم شەڕە، بەڵام بەهۆی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا، کاریگەری لەسەر جموجۆڵە بازرگانی و پیشەسازییەکان دروست کردوە.

 

پەرەسەندنی شەڕ لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بووەتە ھەڕەشە لەسەر گەشەسەندنی ئابوری جیھان و بەرزبونەوەی رێژەی ھەڵاوسان، بەتایبەت کە پانتایی ململانێ لە ناوچەکەدا فراوانتر بوە و ئیسرائیل ھەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە ئێران دەکات لەبەرامبەر ئەوەی ئێران بە موشەک ھێرشی کردبووە سەر ئیسرائیل، لە کاردانەوەی کوشتنی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس و حزبوڵڵای لوبناندا.

 

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گرنگی گەورەی ستراتیژی و ئابوری ھەیە، بەو پێیەی چەندین بەندەری دەریایی و ھێڵی کەشتیوانی و گەروی تێدایە، دیارترینیان گەروی ھورمزە کە رێڕەوێکی دەریایی سەرەکییە بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو، ھەروەھا گەروی بابولمەندەب کە دەروازەی کەشتیوانی دەریای سور و نۆکەندی سوێس پێکدەھێنێت، لەم ڕێگایەوە وڵاتانی ئەورووپا بە وڵاتانی دەوڵەمەند بە نەوت دەبەستێتەوە، بۆیە بچووکترین شەڕ لە ناوچەکەدا بەو مانایە دێت کە پشێوی لە دادابینکردنی نەوتی خاو، بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک دروست دەبێت.

لەبارەی لێکەوتەکانی پەرەسەندنی شەڕەکە، عەبدولڕەزاق زوھێری دەڵێت: ئەگەر دۆخەکە چارەسەر نەکرێت و شەڕەکە درێژە بکێشێت، ئەوە جموجۆڵی بازرگانی دەوستێت بە تایبەتیش لە گواستنەوەی ئاسمانی و دەریاییدا،.

317 جار خوێندراوەتەوە