بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ئیجەدا تێکشکا

KNN : Kurdish News Network
07:26 - 28/11/2024
کوردستان
+
-

بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی دەریای ئیجەدا، چوار کەس گیانیان لەدەستدا، چالاکوانێکی بوارە كۆچبەران ئاشكرایكردوە؛ دو لەو کۆچبەرانەی گیانیان لەدەستداوە کوردن.

 

هەواڵ: (KNNC)


ئاژانسەکانی رۆیتەرز و ئەسیۆشەیتد پرێس بڵاویانكردەوە؛ بەلەمێکی کۆچبەران لە دورگەی سامۆس لە دەریای ئیجەدا وەرگەڕاوە و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستداوە.

 

پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان رایانگەیاندوە: لە ئەنجامی خۆکێشان بە کەناراوەکاندا بەلەمەکە تێکشکاوە، تەرمی چوار کەسیان دۆزیوەتەوە کە دو ژن و دو منداڵن.

 

رونیانكردوەتەوە، تیمەكانین لە نزیك كەناراوەكان توانیویانە (16) كۆچبەر رزگار بكەن، هەروەها بەردەوامیشن لە پڕۆسەی گەڕان بەشوێن قوربانییەكاندا.

 

لای خۆشیەوە رەنج پشدەری، چالاکوانی بواری کۆچبەران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، بەلەمەکە (35)كۆچبەری تێدا بوە و ئەو چوار کەسەی گیانیان لەدەستداوە دوانیان کوردن کە ژن و منداڵێکن.

168 جار خوێندراوەتەوە