"گوماندەکرێت روسیا بە هەڵە فڕۆکەکەى کازاخستانى خستبێتە خوارەوە"

KNN : Kurdish News Network
09:10 - 26/12/2024
جیهان
+
-

دوابەدواى تێکشکانى فڕۆکەیەکى هێڵى مەدەنیی ئازەربایجان، گومانەکان بەو ئاڕاستەیەن روسیا بە هەڵە ئەم فڕۆکەیەى خستبێتە خوارەوە و پێی وابوە فڕۆکەى ئۆکرانییە و بۆ ئەنجامدانى هێرش لە چیچان بەڕێوەیە، بونى کۆمەڵێک کونیش بە فڕۆکەکەوە ئەم گومانەى چڕتر کردوەتەوە.

 

هەواڵ:KNNC

 

دوێنێ رۆژى چوارشەممە، فڕۆکەیەک لە جۆرى "ئیمبرایەر 190" لە نزیک شارى ئاکتاو لە کازاخستان کەوتە خوارەوە، بەهۆیەوە 38 سەرنشین گیانیان لەدەستدا و 29 سەرنشینى دیکەیش رزگاریان بو، فڕۆکەکە لە باکۆى پایتەختى ئازەربایجانەوە بەرەو غروزنى پایتەختى چیچان بەڕێکەوتبو.

 

تا ئێستا لە بەیاننامەیەکى فەرمییدا هۆکارى کەوتنەخوارەوەى ئەم فڕۆکەیە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام دواى روداوەکە بەشێک لە شیکەرەوەکانى بوارى فڕۆکەوانى دەڵێن: پێدەچێت روسیا ئەم فڕۆکەیەی لەگەڵ فڕۆکەکانى ئۆکرانیا تێکەڵ کردبێت و خستبێتییە خوارەوە.

 

گومانەکانى ئەم شیکەرەوانە لەوەوە سەرچاوەى گرتوە کە دیوى دەرەوەى فڕۆکەکە کۆمەڵێک کونى تێدایە کە پێیان وایە بەهۆى موشەکى دژە فڕۆکەوە دروستبوە.

 

هەروەک میدیا جیهانییەکان ئاماژەیان بۆ ئەوەکردوە کە ئەو زیانانەى بەر فڕۆکەکە کەوتوە تەواو هاوشێوەى ئەوەیە کە بە موشەکى دژە فڕۆکە پێکرابێت.

 

دواى کەوتنەخوارەوەى فڕۆکەکە بە ماوەیەکى کەم، گومانەکان بەو ئاڕاستەیە بون کە بەهۆى ڕەوە باڵندەوە کیشە بۆ فڕۆکەکە دروست بوبێت و کەوتبێتە خوارەوە، بەڵام دواتر دەرکەوت کە یەکێک لە  تانکەکانى ئۆکسجینى فڕۆکەکە تەقیوەتەوە، ئەمەش جارێکى دیکە گومانەکانى خستنەخوارەوەى ئەم فڕۆکەیەی زیاتر کردوە.

461 جار خوێندراوەتەوە