بەشداریکردن لە چەند بەرنامەیەکى ئۆنلاین زیانى هەزاران دۆلار لە هاوڵاتییانى شارەزور دەدات

KNN : Kurdish News Network
01:48 - 26/12/2024
کوردستان
+
-

بەهۆى بەشداریکردنیان لە بەرنامەیەک بەناوى (greenwood) کە بۆ کڕینى سکۆتەرى کارەبایی دواتر وەرگرتنى قازانج بوە، ژمارەیەک لە هاوڵاتییانى شارەزور زیانى زۆرى ماددیان کردوە، لەجێی ئەو قازانجەى بەڵێنیان پێدرابو، ئەوەى کەى ئێن ئێن زانیویەتى ئەم بەرنامەیە نەک لە شارەزور بەڵکو لە زۆرینەى شارەکانى هەرێمى کوردستان زیانى ماددى لە هاوڵاتییانداوە.


بەدواداچون:KNNC

 

پەیامنێرى کەى ئێن ئێن بەدواداچونێکى تایبەتى بۆ ئەم پرسە کرد لە شارەزور، بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ چەند هاوڵاتییەکى زەرەرمەند لەو بەرنامەیە قسەى کرد، ئەوان بەمشێوەیە بابەتەکەیان بە پەیامنێرەکەمان گەیاندوە:


دەیان هاوڵاتیی، بەشداریان لە بەرنامەیەکدا کردوە لە بەریتانیا بەناوى کڕینى سکۆتەرى کارەباییەوە بە بڕى 70 دۆلار، کڕیار لە هەفتەیەکدا چوار رۆژ قازانجى وەرگرتوە و رۆژێکیش قازاند بۆ سێرڤسەکە بوە و  دوو رۆژیش پشو، قازانجەکەى بڕیار بوە رۆژانە دۆلارێک بێت، ئەگەر بەشداربو لەڕێی خۆیەوە کڕیارى زیاترى رابکێشایە، قازانجەکەى بەرز دەبوەوە تا چوار دۆلار.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەى پەیامنێرمان پێی گەیشتوە، هۆکارى ئەوەى بەکارهێنەرێکى زۆر بۆ ئەم بەرنامەیە هاتوە ئەوەبوە کە لەسەرەتادا کڕیاران بەڕێژەیەک قازانجیان وەرگرتوە و ئەمەش ئامانجى بەرنامەکە بوە تا کڕیارى زیاتر رابکێشێت.

 

هاوڵاتییەکى دیکەى شارەزوى کە نەیویستوە ناوى ئاشکرا بکرێت و بەشدارى ئەم بەرنامەیە کردوە پێی وتین: هاوڕێەکى خۆى 900 دۆلارى لەو بەرنامەیە داخڵکردوە، بەڵام لە کەمتر لە 12 کاتژمێردا هەژمارەکەى سفر بوەتەوە و هیچ پارەیەکى تێدا نەماوە.

 

ئەوەشى خستوەتەڕو کە کۆمەڵێک لە کەسانی شارەزا لە بواری کۆمپیوتەر وئای تی، پێگەیەک دروست دەکەن و کڕیارەکان هەژماری تێدا دروست دەکەن بەپارەی جیاواز، دروستکەرانی ئەم  پێگەیە ئامانجیانە بگەنە بڕی 100 هەزار دۆلار تا یەک ملیۆن دۆلار، کاتێک پارەکە دەگاتە ئەو بڕە سایتەکە دادەخەن و بەمەش تەواوى هەژمارى کڕیارەکان سفر دەبێتەوە.

 

هەروەک یەکێکى دیکە لە قوربانیانى ئەم سایتە ئەوەى خستەڕو کە لە چەند مانگى رابردو ئەم بەرنامەیە ئۆفەرێکى هەبوە کە بەکارهێنەر چەند پارە داخڵى بەرنامەکە بکات دەبێتە دوو هێندە و ئەوانەى پارەیان داخڵ کردوە پێیان وتراوە کە تا 15 رۆژ ناتوانن پارەکە رابکێشن و دواى ئەو وادەیەش هەژمارەکەیان داخراوە و هیچ پارەیەکى تێدا نەماوە.

 

پەیامنێرمان بەدواداچونى زۆرى کردوە، بەپێی ئەو زانیارییانەى لە سەرچاوە نافەرمییەکان دەستى کەوتوە، تەنها لە سنورە شارەزور نزیکەى دوو ملیۆن دۆلار داخڵى ئەو بەرنامانە کراون و تەنها بڕێکى کەمیان بۆ خاوەنەکانیان گەڕێنراونەتەوە.


کەى ئێن ئێن/ ئەبوبەکر حسێن

912 جار خوێندراوەتەوە