ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای
کوردستان گشتاندنێکی بۆ دیاریکردنی کرێی خانو بڵاوکردەوە
و دەڵێت: بڕیارەکەیان بۆ بەرژەوەندی گشتی و دۆخی مرۆییە و داوا دەکات هاوڵاتییان
پێوەى پابەند بن.
هەواڵ:KNNC
دەستەی بەڕێوەبەری خۆجەییەکان لە ئیدارەی
خۆبەڕێوەبەرایەتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا گشتاندنێکی بۆ دیاریکردنی کرێێ خانو بڵاوکردەوە
و لە نوسراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لەبەر بەرژەوەندی گشتی و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی هەنوکەیی
و مرۆیی و پابەندبونیان بە پرەنسیپە مرۆیەکان ئەو بڕیارە دراوە.
لە بڕیارەکەدا 10 دۆلار (140 هەزار لیرەی
سوری) بۆ هەر ژورێک لە گوندەکان، خانو و باڵەخانە کۆنەکانی
دەوروبەری شارەکان و ناو شارەکان و 15 دۆلاریش (210 هەزار لیرەی سوری)
بۆ هەر ژورێکی خانو و باڵەخانە نوێکان لە شارەکان دیاری کراون.
بەگوێرەی نووسراوەکە هەر کەسێک سەرپێچی ئەو
گشتاندنە بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و سزاکەشی لەنێوان 200
دۆلار بۆ 1000 دۆلار دەبێت و مۆڵەتیش لە خاوەن نوسینگەکانی خانوبەرە وەردەگیردرێتەوە.
76 جار خوێندراوەتەوە