ئەندامێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایدەگەیەنێت، حکومەتی داهاتوی سوریا
ئەگەر کورد و هەسەدە بەفەرمی نەناسێنێت ناتوانێت کێشەکانی ئەو وڵاتە چارەسەربکات،
سوپاسی بزوتنەوەی گۆڕانیش دەکات کە هەمیشە هەڵوێستەکانی نیشتیمانیانە بوە.
هەواڵ:KNNC
لوقمان خەلیل، ئەندامی فەرماندەیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە
میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆۆژەڤ)ـی کەناڵی کەی ئێن ئێن کە ئەمشەو کاتژمێر
(10:00) بڵاودەبێتەوە، رایگەیاند، روخانی رژێمی ئەسەد رەوشێکی تازەی هێناوەتە
ئاراوە، وەکو هەسەدە پەیوەندییان لەگەڵ گروپی تەحریر شام هەیە، بەڵام هیچ
کۆبونەوەیەکیان ئەنجام نەداوە.
وتیشی: هەسەدە بە لێکتێگەیشتن دەتوانێت ببێتە بەشێک لە سوپای
سوریا، بەڵام ئەگەر حکومەتی داهاتوی سوریا، کورد و هەسەدە بە فەرمی نەناسێنێت،
ناتوانێت کێشەکانی وڵاتەکە چارەسەربکات.
سەبارەت بە رۆڵی تورکیا لەو نێوەندەدا وتی:
ئەنقەرە نایەوێت حکومەتی نوێی سوریا لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر رێککەوتن ئەنجامبدات، چونکە
تورکیا دەیەوێت ببێتە خاوەنی هەمو سوریا، دەیەوێت گروپە چەکدارەکانی بنێرێتە ڕۆژهەڵاتی
ڕوباری فوڕات، پابەندی ئەو ئاگربەستەش نابێت کە بە نێوەندگیری ئەمەریکا ئەنجامدراوە.
لوقمان خەلیل باس لەوەدەکات، بۆ پارێزگاری لە قەوارەی کورد دەبێت هەرکەسێک کە دەتوانێت بەشداری لە
ڕیزەکانی هەسەدە بکات، جەختیشدەکاتەوە، هیچ لایەنێک مافی کورد دابین ناکات کورد
بۆخۆی دەبێت مافەکانی بەدەست بێنێت.
ئەندامەکەی
هەسەدە، سوپاسی بزوتنەوەی گۆڕانیش دەکات و دەڵێت: هەڵوێستی ئێستای بزوتنەوەکە هەمان
ئەو هەڵوێستەیە کە لە ساڵی 2014 بۆ کۆبانێ نیشانیدا.
250 جار خوێندراوەتەوە