شاندە هونەرییەکەی هەرێم لە بەغداد هیچ بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی فیدراڵیان نەبینی

KNN : Kurdish News Network
05:43 - 22/12/2024
کوردستان
+
-

هەرچەندە بڕیاربو ئەمڕۆ چارەنوسی موچەی مانگەکانی 11 و 12ـی فەرمانبەرانی هەرێم یەکلابکرێتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای کەی ئێن ئێن، شاندە هونەرییەکەی هەرێم هیچ بەرپرسێکی وەزارەتی داراییان نەبینی.

 

هەواڵ:KNNC

 

 

سەرچاوەیەک بە دیجیتاڵ میدیای کەی ئێن ئێنی راگەیاند، ئەو وەفدە هونەرییەی وەزارەتی دارایی هەرێم کە لە بەغدادن، ئەمڕۆ نەیانتوانی وەزیری دارایی فیدراڵ بینین، بۆیە چاوەڕێ دەکەن سبەینێ دووشەممە لەگەڵ تەیف سامی کۆببنەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی سبەینێ کۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئابوری عێراق بەڕێوەدەچێت کە وەزیری دارایی عێراق یەکێکە لە ئەندامانی ئەنجومەنەکە، پێناچێت سبەینێش چاویان بە تەیف سامی بکەوێت.

 

 

هەربەپێی زانیارییەکانی کەی ئێن ئێن، تا ئێستا وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەستی نەکردوە بە دابەشکردنی موچەی مانگی 12ـی فەرمانبەرەکانی، بەهۆی ئەوەی پارەی کاشـ-ی لەبەردەستدا نییە.

 

 

سەبارەت بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەغداد بۆ موچەی مانگی 10 تەنها 761 ملیار دیناری نارد، بۆ موچەی مانگی 11 تەنها 631 ملیار دیناری رەوانەکردوە و بۆ موچەی مانگی 12ـش چاوەڕوان ناکرێت پارەی پێویست رەوانە بکات، بەوشێوەیەش وەزارەتی دارایی عێراق بە ناردنی ئەو سێ بڕە پارەیە لە بەردەم دادگای فیدراڵی و ئەنجومەنی وەزیراندا پابەندبونی خۆی بە ناردنی موچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ رادەگەیەنێت.

 

 

بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی 11 وەزارەتی دارایی هەرێم بڕی 631 ملیار دیناری لەبەردەستە و بڕی 364 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە، ئەگەر بەغداد لەم چەند رۆژەی کۆتایی ئەمساڵ پارەی پێویست رەوانە نەکات، ئەوا وەزارەتی دارایی هەرێم تەنها موچەی مانگی 11 دابەشدەکات و چارەنوسی موچەی مانگی 12ـش بە نادیاری دەمێنێتەوە.

 

 

کەی ئێن ئێن ئەوەشی زانیوە، ئەگەر لە ساڵی 2025ـدا یاسای بودجە هەموار نەکرێت، سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2025 بەهەمانشێوەی ئەمساڵ گرفتی بۆ دروست دەبێت، چونکە تەرخانی دارایی بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەشی 12 مانگ ناکات.

 


بڕیار نامیق- KNN

2527 جار خوێندراوەتەوە