پێنج رۆژ بێ وەستان خواردنى دروستکردوە و ناوى چوە کتێبى گینس

KNN : Kurdish News Network
09:19 - 23/12/2024
هەمەڕەنگ
+
-

خانمە چێشتلێنەرێکى کۆتدیڤوار بە دروستکردنى خواردن بۆماوە پێنج رۆژ بێ وەستان ناوى چوە کتێبى گینس بۆ شکاندنى ریکۆردە جیهانییەکان و توانیویەتى لەو ماوەیەدا 15 هەزار ژەمە خۆراکى تایبەت بە وڵاتەکەى دروست بکات.

 

هەمەڕەنگ:KNNC

 

زەینەب بەنسیح، چێشتلێنەرى وڵاتى کۆتدیڤوارە لە رۆژئاواى ئەفریقا، لە رۆژى سێشەممەى رابردو دەستى بە دروستکردنى خواردن کردوە بۆئەوەى ناوى بچێتە کتێبى گینس و بۆ ئەو مەبەستەش لە گۆڕەپانێکى پایتەختى ئەو وڵاتە دەستى بە کارەکانى کردوە و هەزاران کەسیش بۆ هاندان لە دەورى کۆبونەتەوە و پشتیوانییان کردوە و کە تێیدا کەسایەتیی بەناوبانگ و وەزیرانى وڵاتەکەیشى تێدا بوە.

 

زەینەب لە سێشەممەى رابردوەوە دەستى بە دروستکردنى خواردن کردوە، بۆماوەى 120 کاتژمێر بەردەوام بوە و بەمەش ریکۆردى پێش خۆى شکاندوە کە چێشتلێنان بوە بۆ ماوەى 119 کاتژمێر و 57 خولەک و لەلایەن چێشتلێنەرێکى ئەمەریکییەوە تۆمار کرابو.

 

ئەو خواردنانەى ئەم چێشتلێنەرە دروستى کردون بەسەر هاوڵاتییان و خێزانە هەژارەکانى شارەکە دابەش کراون و بەشێکیشى پێشکەش بەو میوانانە کراون کە بۆ پشتیوانیکردنى زەیبەن لەماوەى 120 کاتژمێرەکەدا لە گۆڕەپانەکە ئامادەبون.

 

بەپێی ئەو یاسایانەى دەبو زەینەب پێوەى پابەند بێت، لەماوەى ئەو پێنج رۆژەدا رێگەى نەدراوە بخەوێت، هەمو کاتژمێر جارێک بۆماوەى پێنج خولەک تواناى پشودانى هەبوە کە ئاو و نانى خواردوە تێیدا و رۆژانەش 30 خولەکى پێدراوە بۆ پشودان و بەکارهێنانى دەستشۆر و هاوکاریی پزیشکى ئەگەر پێویستى پێبوبێت.

165 جار خوێندراوەتەوە