بۆ یەکەمجار دوای وەرگرتنی خەڵاتەکەی... لیژنەی دابەشکردنی نۆبڵ پەیوەندی بە نێرگز محەمەدییەوە کرد

KNN : Kurdish News Network
09:31 - 09/12/2024
هەمەڕەنگ
+
-

لیژنەی دابەشکردنی خەڵاتەکانی نۆبڵ، بۆیەکەمجار توانی پەیوەندی بە نێرگز محەمەدـیەوە بکات، دوای ئەوەی لە ساڵی 2023 خەڵاتەکەی وەرگرت.

 

هەمەڕەنگ:KNNC

 

لیژنەی دابەشکردنی خەڵاتەکانی نۆبڵ، لە پلاتفۆڕمی X   و ئینستاگرام بڵاویکردوەتەوە، لەدوای ئەوەی ساڵی رابردو خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێدرا، ئەمساڵ بۆ یەکەمجار توانیان پەیوەندی بە نێرگز محەمەدی، چالاکوانی رۆژهەڵاتی کوردستان بکەن.

 

لە بەشێک لەو گرتە ڤیدیۆییەی بڵاوکراوەتەوە، نێرگز محەمەد بە دڵخۆشی دەرکەوتوە و باسی لەوەکردوە، کە ساڵی رابردو کاتێک لە زینداندا بوە، چۆن زانیویەتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشراوە.

 

محەمەدی ئاماژەی بەوەکردوە، لە زیندانی بەشی ئافرەتان رۆژانی پێنجشەممە و هەینی ناتوانن دەستیان بە تەلەفۆن بگات، بەڵام یەکێک لە هاوڕێ زیندانییەکانی توانیویەتی پەیوەندی بە هاوسەرەکەیەوە بکات کە لەبەشی زیندانی پیاواندا بوە، لەو رێگەیەوە زانیویەتی خەڵاتەکەی بەدەستهێناوە و لەو ساتەدا هێندە دڵخۆشبوە، دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی)، لە نێو زیندانەکەدا وتوەتەوە.

 

نێرگز محەمەدی تەمەن (52) ساڵ، لە تشرینی دووەمی ساڵی (2021)ـەەوە بەتۆمەتی رەتکردنەوەی حیجابی زۆرەملێ لە ئێران دەستگیرکراوە، لە ئێستادا بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە بۆ ماوەی سێ هەفتە ئازاد کراوە، لەدوای وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە ساڵی 2023ەوە یەکەمجارە، لیژنەی دابەشکردنی خەڵاتەکە بتوانن پەیوەندی پێوە بکەن.

226 جار خوێندراوەتەوە