بابەتی ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەی مێژوییە، دکتۆر مەجید ساڵح نوسیویەتی و
دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان چاپ و بڵاوی کردوەتەوە.
هەمەڕەنگ:KNNC
ئەو کاتەی سەلاحەدین گەمارۆی قودسی دا، هەشتا و هەشت ساڵ بەسەر داگیرکردنیدا
تێدەپەڕی، پێشتر لە ١٤ی تەمموزی ١٠٩٩ ئەهلی خاچ لە ئەوروپاوە هاتبون و پەلاماری
شاری قودسیان دابو، زۆر بە ئاسانی داگیریان کردبو.
کاتێک سەڵاحەدین چوە ناو قودسەوە و ڕزگاری کرد، بە فەرمانی ئەو تاقە ماڵێک
تاڵان نەکرا، یەک کەس خوێن لە پەنجەی نەهات، پاسەوانان بە شەقامەکاندا دەگەڕان و نەیاندەهێشت
دەستدرێژی بکرێتە سەر مەسیحییەکان.
دو پۆل خەڵک لە بەردەم دەرگای شارەکە ڕیزیان بەستبو، ئەوانەی پارەیان دەدا بە
ئازادی دەڕۆیشتن و ئەوانەشی پارەیان نەبو، دەبو بوبونایەتە کۆیلە. عادل، سەیرێکی
سەڵاحەدینی کرد و داوای کرد لە بەرامبەر ماندوبونەکانیدا هەزار دانە لەو کۆیلانەی
پێ بدات، سەلاحەدین ڕازی بو، کە وەری گرتن ئازادی کردن.
ئەم کتێبە دەربارەی ڕۆڵی سەڵاحەدین ئەیوبی دەدوێت لە چێبونی ناسنامەی
نەتەوەی کورددا، ئەوە دەردەخات چۆن کەسایەتییە گرنگە کوردەکان کاریان کردوە بۆ
دیارخستنی نەتەوەکەیان.
دەستکەوتەکانی سەڵاحەدینی ئەیوبی بەڵگەن کە کورد ڕۆڵی گرنگی بینیوە لە سەرخستنی
و گەیاندنی پەیامی ئیسلامدا، لە وێژەی کوردی و ئاستی ڕامیاری کوردیدا سەلاحەدینی
ئەیوبی وەک کەسایەتییەک هێمای بۆ کراوە کە هێزی کوردی یەکخستوە.
ئەم کتێبە بە چەند بیرێکی نوێ ئاشنامان دەکات لەبارەی ئەو کەسایەتییە
مەزنەوە و پشتی بە چەندین سەرچاوە بەستوە بە زمانەکانی "عەرەبی، ئینگلیزی،
کوردی" و چەند سەرچاوەیەکی لاوەکیش پشتی پێبەستراوە کە لە شوێنی خۆدا
ئاماژەیان پێدراوە.
لە دوتوێی کتێبەکەدا شەش بەش بونیان هەیە، بەم ناونیشانانە:
بەشی یەکەم: کورد پێش دەرکەوتنی ئەیوبییەکان
بەشی دوەم: دەرکەوتنی بنەماڵەی ئەیوبییەکان
بەشی سێیەم: دامەزراندنی دەوڵەتی ئەیوبی لە میسر
بەشی چوارەم: سەلاحەدین سوڵتانی میسر و شام و کوردستان (جەزیرە)
بەشی پێنجەم: ئەیوبییەکان دوای سوڵتان سەڵاحەدین
بەشی شەشەم: سوڵتان سەڵاحەدین و ناسیۆنالیزمی کوردی
هەر بەشێکیش لە چەند فەسڵێک پێکهاتوە، کۆتا فەسلی بەناوی "ئەگەر
سوڵتان سەلاحەدین نەبوایە!"یە.
ئەگەر خوازیارن کتێبێکی پڕ لە زانیاری و هاوشێوەی ئینسایکلۆلپیدیا
بخوێننەوە لەبارەی سوڵتان سەلاحەدینی ئەیوبییەوە و دەتانەوێت پێی ئاشنا بن و لە
پرسی کوردبونی شارەزا بن ئەم کتێبەتان بۆ پێشنیار دەکەین.
261 جار خوێندراوەتەوە