لە کالیفۆرنیاى ئەمەریکا مامۆستایەک بە گازى
شەمشەمەکوێرەیەک گیانى لەدەستداوە و بەپێی لێکۆڵینەوەکانیش ئەو شەمشەمەکوێرەیە هەڵگر
و توشبوى نەخۆشى هاریی سەگ بوە.
هەمەڕەنگ:KNNC
میدیاکانى ئەمەریکا دواى گیانلەدەستدانى
مامۆستا 22 ساڵەکە بڵاویانکردوەتەوە؛ بەرپرسانى تەندروستى گشتى ئەمەریکا هۆشداریانداوە
لە مەترسیەکانى شەمشەمەکوێرە کە سەرچاوەیەکى بەربڵاوى گواستنەوەى نەخۆشى هارى سەگە
بۆ مرۆڤ لە وڵاتەکە و نەخۆشییەکەش ئەگەر بەخێرایی چارەسەر نەکرێت دەبێتەهۆى مردن.
هاوڕێیەکى ئەو مامۆستا ئەمەریکییە باسى لە
روداوەکە کردوە و وتویەتى:" لەکاتێکدا لە پۆلەکەیدا سەرقاڵى وانەوتنەوەبوە
مامۆستاکە شەمشەمەکوێرەیەکى بینیوە و لەوکاتەدا کە ویستویەتى بیکاتە دەرەوەى
پۆلەکە گازى لێگرتوە".
ئەوەشى وتوە کە راستەوخۆ مامۆستاکە
نیشانەکانى نەخۆشى هارى سەگى تێدا دەرنەکەوتوە، بەڵکو دواى چەند هەفتەیەک
نەخۆشکەوتوە و کاتێکیش براوەتە نەخۆشخانە توشى کۆما بوە و دواتر گیانى لەدەستداوە.
لە بەیاننامەیەکیشدا کە دواى گیانلەدەستدانى
مامۆستاکە بڵاویانکردوەتەوە؛ قوتابخانەکە ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە کە کاردەکەن بۆ
بڵاوکردنەوەى هۆشیارى زیاتر لەبارەى ژیانى ئاژەڵانى کێوى و مامەڵەى مرۆڤ لەگەڵیان
چونکە ئەوە کارێکى مەترسیدارە.
202 جار خوێندراوەتەوە