ترەمپ گاڵتەى لەگەڵ کردین... وەزیرێکى کەنەدى باس لە بونى کەنەدا دەکات بە 51ـهەمین ویلایەتى ئەمەریکا

KNN : Kurdish News Network
08:26 - 04/12/2024
جیهان
+
-

وەزیرێکى کەنەدى راستى وتەکەى دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر جەستن ترودۆى سەرۆک وەزیرانى کەنەدا ئاشکرا دەکات لەبارەى دیاریکردنى کەنەدا وەک 51ـهەمین ویلایەتى ئەمەریکا.

 

هەواڵ:KNNC

 

دۆمینیک لۆبلان، وەزیرى سەلامەتی گشتى کەنەدا کە لە خوانى ئێوارەى رۆژى هەینى رابردوى دۆناڵد ترەمپ و جەستن ترودۆ بەشداربو رایگەیاندوە؛ ئەوەى لەسەر مێزەکە گفتوگۆى کراوە و باسکراوە هەموى بۆ گاڵتە بوە و جددى نەبوە.

ئەو وەزیرە کەنەدییە ئەوەشى بە رۆژنامەنوسان وتوە کە دۆناڵد ترەمپى سەرۆکى هەڵبژێردراوى ئەمەریکا گاڵتەى زۆرى کردوە و لەگەڵ ئەوانیش قسەکانى جددى نەبون و زیاتر گاڵتە و گەپ بون، لەبارەى بونى کەنەداش بە ویلایەتێکى ئەمەریکا بەدڵنیاییەوە ترەمپ گاڵتەى دەکرد.

 

ئەوەشى ئاشکرا کردوە کە ئێوارەخوانەکەیان ماوەى سێ کاتژمێرى خایاندوە و لە شوێنى مانەوەى دۆناڵد ترەمپ لە فلۆریدا بەبۆنەى جەژنى سوپاسگوزاریی لە کەشێکى خۆش و هاوڕێیانەدا بەڕێوەچوە و دۆناڵد ترەمپیش ئاڕاستەى قسەکانى بۆ بنیاتنانى پەیوەندیی نوێ بوە لەگەڵ کەنەدا.

 

ئەم رونکردنەوەیە لە حکومەتى کەنەداوە لەکاتێکدایە، پێشتر تۆڕى هەواڵى فۆکس نیوز باسى لەوەکرد کە جەستن ترودۆ، سەرۆک وەزیرانى کەنەدا لە کۆبونەوەى لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ باسى لە مەترسییەکانى زیادکردنى باج کردوە لەسەر کاڵاى کەنەدا و دۆناڵد ترەمپیش پێی راگەیاندوە کە دەکرێت کەنەدا ببێتە 51ـهەمین ویلایەتى ئەمەریکا.


296 جار خوێندراوەتەوە