ئەنجومەنى وەزیران بۆچى کۆبونەوەکەى ئەمڕۆى نەکرد و چاوەڕێی چییە؟

KNN : Kurdish News Network
11:07 - 04/12/2024
کوردستان
+
-

بریاربو ئەمڕۆ ئەنجومەنى وەزیرانی هەرێم کۆببێتەوە و پرسى سێ موچەکەى ئەمساڵ یەکلایی بکاتەوە، بەڵام بەهۆى وەڵامنەدانەوەیان لەلایەن بەغدادەوە لەو داواکارییەى پێشکەشیان کردبو، کۆبونەوەکەیان نەکرد.


هەواڵ:KNNC

 

پەیامنێرى کەى ئێن ئێن بەدواداچونى بۆ هۆکارى ئەنجامنەدانى کۆبونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیران کرد و لە زارى سەرچاوەیەکى ئاگادارەوە رایگەیاند؛ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنى وەزیران راوێژیان تایبەت بە کێشەى موچەى مانگەکانى 10 و11 و 12 لەنێوان خۆیاندا کردوە و بەردەوامیش نوێنەرایەتیی حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ نوێنەرى وەزارەتى دارایی عێراق لەسەر هێڵن لەبارەى ئەو پرسەوە.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، لە ئێستادا ئەنجومەنى وەزیران چاوەڕێی وەڵامى ئەو نوسراوە دەکات کە ئاڕاستەى بەغدادى کردوە و تێیدا داواى بڕى 430 ملیار دینار کراوە بۆ دابەشکردنى موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان و بەهۆى ئەوەى تا ئێستا وەڵام نەدراونەتەوە، کۆبونەوەکەیان ئەنجام نەداوە.

 

سەرچاوەکەی کەی ئێن ئێن راشیگەیاند، ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ئامادە دەبێت و لەوێ نوێنەرانى کورد داواى چارەسەرى کێشەى موچەى سێ مانگى کۆتایی ئەمساڵى لێدەکەن و داواش دەکەن هەموارى یاساى بودجە بکرێت بەتایبەت ماددەى 12 کە پەیوەستە بە پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى عێراق و دەرکردنى ئینفاقى فعلى لە خەرجى گشتى.

 

سلێمانى-بڕیار نامیق

1381 جار خوێندراوەتەوە