بزوتنەوەی گۆڕان: پشتیوانی سیاسیی و مەعنەوی رۆژئاوای کوردستان دەكەین

KNN : Kurdish News Network
04:59 - 04/12/2024
کوردستان
+
-

لەسەر دۆخی رۆژئاوای كرودستان، بزوتنەوەی گۆڕان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت: پشتیوانی سیاسیی و مەعنەوی رۆژئاوای کوردستان و ئاوارە و قوربانیانی شەڕ دەکەن.


هەواڵ: (KNNC)


لە بڵاوكراوەیەكدا بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشهاتەکانی سوریا سیناریۆی جیاوازی هێناوەتە ڕۆژەڤەوە، لەو چوارچێوەیەدا پرسی کورد لەناو ئەو شەڕ و ئاڵۆزیانەدا، لەبەردەم مەترسی و دەرفەتدایە، بەتایبەت رۆژئاوای کوردستان دەرگیری پیلانی مەترسیدار و گۆڕانکاری دیموگرافیە.

 

ئەوەیخستوەتەڕو، لەڕوانگەی بەرپرسیارێتی نیشتمانی و نەتەوەییەوە، بانگەواز لە هەمو هێزە کوردستانیەکان دەکەین، بۆ پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان و دوورخستنەوەی گەلەکەمان لە ئاگری شەڕ و ماڵوێرانی؛ بە هەڵوێستێکی هاوبەش پشتیوانی سیاسیی و مەعنەوی رۆژئاوای کوردستان و ئاوارە و قوربانیانی شەڕ بکەین.

 

بزوتنەوەی گۆڕان داواكارە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە نێودەوڵەتیەکان و رێکخراوەکانی چاودێری مافی مرۆڤ چاودێری دۆخەکە بکەن، بەتایبەت کە پرسی کورد پێویستی بە چارەسەرە لەڕێگەی دانوستان و دیالۆگی دیموکراتی، نەک گرتنەبەری ڕێگەچارەی چەک و سەپاندنی هێز.


ئەمەش دەقی راگەیەندراوەكەی بزوتنەوەی گۆڕانە:

بزوتنەوەی گۆڕان: بە نیگەرانیەوە چاودێری پەرەسەندنەکانی سوریا و رۆژئاوای کوردستان دەکەین

گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشهاتەکانی سوریا سیناریۆی جیاوازی هێناوەتە ڕۆژەڤەوە، لەو چوارچێوەیەدا پرسی کورد لەناو ئەو شەڕ و ئاڵۆزیانەدا، لەبەردەم مەترسی و دەرفەتدایە، بەتایبەت رۆژئاوای کوردستان دەرگیری پیلانی مەترسیدار و گۆڕانکاری دیموگرافیە.

هەربۆیە، لەڕوانگەی بەرپرسیارێتی نیشتمانی و نەتەوەییەوە، بانگەواز لە هەمو هێزە کوردستانیەکان دەکەین، بۆ پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان و دوورخستنەوەی گەلەکەمان لە ئاگری شەڕ و ماڵوێرانی؛ بە هەڵوێستێکی هاوبەش پشتیوانی سیاسیی و مەعنەوی رۆژئاوای کوردستان و ئاوارە و قوربانیانی شەڕ بکەین.

بزوتنەوەی گۆڕان بە وردی بارودۆخ و پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی سوریا و ڕەوشی کوردانی ئەو ناوچەیە چاودێری  دەکات، هاوکات پشتگیری خۆمان بۆ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان لەبەرامبەر هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆسەر ناوچە کوردنشینەکانی شەهبا و تل ڕەفعەت دەردەبڕین، کە بە هەزاران هاوڵاتی گەمارۆدراون، ئەمەش مەترسی دروست دەکات بۆ ئەنجامدانی تاوان و کۆمەڵکوژی، لەو ڕوانگەیەوە داواکارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە نێودەوڵەتیەکان و رێکخراوەکانی چاودێری مافی مرۆڤ چاودێری دۆخەکە بکەن، بەتایبەت کە پرسی کورد پێویستی بە چارەسەرە لەڕێگەی دانوستان و دیالۆگی دیموکراتی، نەک گرتنەبەری ڕێگەچارەی چەک و سەپاندنی هێز.

بزوتنەوەی گۆڕان
٤ی ١٢ی ٢٠٢٤

164 جار خوێندراوەتەوە