توێژینەوەیەک هۆشداری دەدات: بەکارهێنانی "کیسەی چا" مەترسیدارە بۆ تەندروستی

KNN : Kurdish News Network
02:40 - 27/12/2024
تەندروستی
+
-

 توێژینەوەیەکی ئەم دواییە کە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی ئۆتۆنۆمی بەرشەلۆنە لە ئیسپانیا ئەنجامدراوە، ئاشکرایکردوە کە کیسی چا کە لە ئێستادا بەکارهێنانی زۆرە، ملیارەها گەردیلەی مایکرۆ و نانۆ پلاستیک (MNPL)  دەردەدەنە ناو ئاوەکەوە و  ڕەنگە هۆکار بێت بۆ توشبون بە شێرپەنجە.

تەندروستی: KNNC

گومان دەکرێت پلاستیکی مایکرۆ و نانۆ پرۆسەی ئاسایی خانەیی تێکبدات و ئەگەری توشبون بە شێرپەنجە زیاد بکات،  هەروەها بونی پلاستیک لە کۆئەندامی هەرسدا هۆکارە بۆ  ئەو  نەخۆشییانە دەبنە هۆی هەوکردنی ڕیخۆڵە، کە هەمو ئەمانە لە کیسەی چادا بونی هەیە.


لەگەڵ بەردەوامی بەکارهێنانی پلاستیک لە پاکەتەکانی خۆراکدا، توێژەران جەختیان لەسەر پێویستی ستراتیژی زانستی و ڕێکخراوەیی کردوەتەوە بۆ دڵنیابون لە سەلامەتی خۆراک و پاراستنی بەکارهێنەران.

 

بەگوێرەی توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری (کیمۆسفێر) بڵاوکراوەتەوە، کیسەکانی چا، کە لە ماددەی وەک پۆلیپرۆپیلین و سێلولۆز و نایلۆن دروستکراون،  بە ڕێژەی جیاواز گەردیلە پلاستیکییەکان بۆ ناو ئاوەکە دەردەدەن لەکاتی بەکارهێنانیاندا.


کیسی پۆلیپرۆپیلین کە باوترینیانە و زۆرترین بەکارهێنانی هەیە، نزیکەی 1.2 ملیار گەردیلەی پلاستیکی لە هەر ملیلیترێکدا بڵاودەکاتەوە ، کە تێکڕای قەبارەی 136.7 نانۆمەتر بو.

 

سەبارەت بە کیسەکانی سێلولۆز، نزیکەی 135ملیۆن گەردیلەیان دەرکردوە کە تێکڕای قەبارەی 244 نانۆمەتر بوە، لە کاتێکدا کیسە نایلۆنەکان 8.18 ملیۆن گەردیلەیان دەرکردوە کە تێکڕای قەبارەی 138 نانۆمەتر بوە.


توێژینەوەکە تەنها هەڵسەنگاندنی بۆ بڕی مۆلیکولەکان نەکردوە، بەڵکو کارلێکی ئەم مۆلیکولانەی لەگەڵ خانەکانی ڕیخۆڵەی مرۆڤدا دیاریکردوە.

 

توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە گەردیلە پلاستیکەکان دەتوانن بچنە ناو خانەکانەوە، ئەمەش دۆزینەوەیەکە نیگەرانییەکی جددی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست کردوە.

 

توێژەران لە توێژینەوەکەدا ڕونیان کردەوە کە “پێکهاتەی کیمیایی مایکرۆپلاستیکەکان کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کارلێکە بایۆلۆژییەکان دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بەئامانجکردنی جیاوازی ئەندام و شانەکان، لەوانەیە ببێتە هۆی کەڵەکەبونی پلاستیک، ژەهراویبون، وەڵامنەداوەی بەرگری لەش و کاریگەرییە درێژخایەنەکانی وەک ژەهراویبونی جیناتەکان و توشبون بە شێرپەنجە. ”


لەگەڵ بەردەوامبوونی توێژینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی ڕەهەندەکانی ئەم کێشەیە، ئامۆژگاری بەکارهێنەران دەکرێت کە بژاردەی بەدیل وەک بەکارهێنانی کیسی چای کاغەزی ناپلاستیکی یان ڕووکردنە چای شل لەبەرچاو بگرن، وەک هەنگاوێکی بچووک بۆ کەمکردنەوەی بەرکەوتن بە مایکرۆپلاستیک.

705 جار خوێندراوەتەوە