وتەبێژی دەمپارتی رایگەیاند: دەبێت سەرجەم لایەنە
سیاسییەکان بەشداریبکەن لە پڕۆسەی ئاشتی و دەشڵێت: تا ئێستا وەڵامی لایەنە سیاسییەکان
بۆ پەیامەکەی ئۆجەلان ئەرێنییە.
هەواڵ:KNNC
پاش سەردانی شاندی دەمپارتی بۆلای بەشێك لە لایەنە
سیاسییەکان، ئایشەگوڵ دۆغان – وتەبێژی دەمپارتی رایگەیاند: دەبێت سەرجەم لایەنە سیاسییەکان
بەشداریی بکەن لە پڕۆسەی ئاشتی، چونکە دەبێت هەموان لەم قۆناغەدا هەوڵی بەدیهێنانی
پڕۆسەکە بدەن.
باسی لەوەشکرد: ئەگەر پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا سەرنەگرێت؛
هەمو وڵات زیانی بەردەکەوێت، هەربۆیە پێویستە پرسی کورد بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر
بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد: عەبدوڵا ئۆجەلان سورە لەسەر
چارەسەرکردنی دۆخەکە بە شێوەیەکی ئاشتییانە، دەشڵێت: تا ئێستا وەڵامی لایەنە سیاسییەکان
بۆ پەیامەکەی ئۆجەلان ئەرێنییە.
جەختیشیکردوە لەوەی دەبێت ئۆجەلان بەشداربێت لە
پڕۆسەی ئاشتی و گۆشەگیری سەر ئۆجەلان و زیندانیکراوانی ئیمڕالی هەڵبگیرێت.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا وتەبێژى دەمپارتى
لەبارەى زمانى کوردییەوە وتى: بابەتی زمانی کوردی کێشەی بنەڕەییە لە تورکیا، هەربۆیە
دەبێت هەمو گەلان بە زمانی خۆیان قسە بکەن لەوڵاتەکە.
150 جار خوێندراوەتەوە