بەپێی بڕیارى لێخۆشبونى گشتى کە لەلایەن
ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقەوە رۆژى رابردو پەسەندکرا، نور زوهێر، یەکێک لە
تاوانبارانى کەیسى "دزى سەدە" بە مەرج ئازاد دەکرێت.
هەواڵ:KNNC
محەمەد عەنوز، ئەندامى لیژنەى یاسایی لە
ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، لەبارەى چارەنوسى ئەو کەسانەى لە کەیسى گەندەڵى و دزى
گەورە تێوەگلاون و بەتایبەتیش (نور زوهێر) تاوانبارێکى کەیسى "دزى سەدە"
رایگەیاند؛ هیچ ماددەیەکى یاساکە بەشێوەیەکى راستەوخۆ باسى لەوە نەکردوە ئایا
لێخۆشبون نور زوهێر دەگرێتەوە یاخود نا.
ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە کە لە یاساکەدا ماددەیەک
هەیە کە پەیوەستە بە بەفیڕۆدانى سامانى گشتیی و تاوانەکانى گەندەڵى دارایی و
کارگێڕى، ئەگەر ئەو کەسانەى بەم کەیسانەوە تاوانبارن و تەواوى پارەکە نەگەڕێننەوە
بەشێوەى کاش، ئازاد ناکرێن و لێخۆشبون نایانگرێتەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر پارەگە
بگەڕێننەوە، ئازاد دەکرێن.
وتویەتى: ئەم ماددەیە هەمو ئەو کەسانە
دەگرێتەوە کە بە کەیسى گەندەڵییەوە تێوەگلاون، جەختیشیکردوەتەوە کە هەرکەسێک ئەو
پارەیەى لەسەر شانیەتى بەیەکەوە نەیداتەوە، یاساى لێخۆشبونى گشتى نایگرێتەوە و دەبێت سزاکەى خۆى تەواو بکات.
نور زوهێر، لە ساڵى 2022 بە تێوەگلانى لە دزینى
سێ ترلیۆن دینار راگیرا، دواتر بە کەفالەت ئازادکرا و لە تشرینى دوەمى ساڵى 2024
دادگاى تاوانەکانى کەرخ، بە تۆمەتى تێوەگلانى لە کەیسى "دزی سەدە" و
دزینى بە 10 ساڵ زیندانیکردن سزاى دا و لەگەڵیشیدا شەش ساڵ زیندانی بۆ رائید جوحی، بەڕێوەبەری پێشوی
دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و سێ ساڵ زیندانی بەسەر سەرۆکی پێشوی لیژنەی
دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەرچو.
469 جار خوێندراوەتەوە