ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەبێ
دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای بودجە، کۆتایی بە دانیشتنەکەی ئەمڕۆ هێنا، ئەندامێکی
کوردی ئەنجومەنەکە دەڵێت: پەرلەمانتارانی شیعە و سوننە پێیان وابو تێپەڕاندنی
هەمواری یاسای بودجە لە بەرژوەندی کوردە بۆیە دانیشتنەکەیان بەجێهێشت.
هەواڵ:KNNC
بەگوێرەی خشتەی کارەکەی ، بڕیاربو لە دانیشتنی
ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، دەنگ لەسەر چەند پڕۆژە یاسایەک بدات یەکێک
لەوانە هەمواری یاسای بودجەی گشتی عێراق بو.
سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی
عێراق بە کەی ئێن ئێنی راگەیاند، لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا یاسای هەواڵگری نیشتیمانی عێراق دەنگی لەسەردرا،
هەروەها خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای سەندیکای پرۆگرامسازانی عێراق کرا.
هاوکات، نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی
دارایی بە کەی ئێن ئێنی راگەیاند، بەهۆی چونە دەرەوەی بەشێک لە پەرلەمانتارانی
فراکسیۆنە جیاوازەکان، دەنگدان لەسەر ماددەی 12 لە یاسای بودجەی عێراق پەیوەست بە دیاریکردنی
نرخی بەرهەمهێنانی نەوت دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.
غەریب
ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش بە کەی ئێن ئێنی وت، بەشێک لە پەرلەمانتارانی شیعە و سونە
و رێژەی یاساییان شکاند، پێیان وابو ئەو بڕگەیە لە بەرژەوەندی کوردە بۆیە
دانیشتنەکەیان بەجێهێشت.
بەر لە هەڵگرتنی دانیشتنەکە، پەرلەمانی
عێراق بەرنامەی کاری 21ـی ئەم مانگەی بڵاو کردەوە، بەبێ ئەوەی هیچ کام لەو یاسایانەی
تێدابێت کە ئەمڕۆ دەنگدانیان بۆ نەکراوە، بەڵام کارنامەکەی سێشەممە، دەنگدان
لەسەر سێ یاسا لەخۆ دەگرێت کە پێشتر ناکۆکی لایەنە کوردی و شیعە و سوننەکانی لەسەر
بوە.
بە گوێرەى خشتەى کارى کۆبونەوەکانى پەرلەمانى
عێراق بۆ 21ـى ئەم مانگە، دەنگ لەسەر هەرسێ پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوی و خانو بۆ
خاوەنەكانیان، لێبوردنی گشتی و هەمواری یاسای باری کەسی دەدرێت.
70 جار خوێندراوەتەوە