وەزیری دەرەوەی عێراق: گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەوڵەت دەبێت چەک دابنێن

KNN : Kurdish News Network
07:20 - 16/01/2025
عێراق
+
-

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندوە، عێراق هەوڵدەدات  ئەو لایەنە چەکدارانەی لە وڵاتەکەدان ڕازی بکات کە دژی ئەمەریکان و بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل، چەکەکانیان دابنێن یان پەیوەندی بە هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتەوە بکەن.


هەواڵ: KNNC

فواد حسێن لە چاوپێکەوتنێکیدا کە لە لەندەن ئەنجامیداوە، وتویەتی؛ دۆخەکە گۆڕاوە و دوو بۆ سێ ساڵ لەمەوبەر مەحاڵ بو باسی ئەم بابەتە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بکرایە، بەڵام ئێستا هەبونی گروپە چەکدارەکان کە لە دەرەوەی دەوڵەت کاردەکەن، قبوڵکراو نییە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، وەک حکومەت لە گفتوگۆدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گروپەکان، زۆرێک لە سەرکردە سیاسییەکان و لایەنە سیاسییەکان دەستیان کردوە بە وروژاندنی گفتوگۆیەک لەوبارەیەوە.


هیواشی خواستوە بتوانن سەرکردەی ئەو گروپانە ڕازی بکەن کە چەکەکانیان دابنێن و ببن بە بەشێک له هێزە ئەمنییەکان لە ژێر بەرپرسیارێتی حکومەتدا.


ئەمە لەکاتێکدایە ئیدارەی داهاتوی ترەمپ، کە کەمتر لە هەفتەیەکی ماوە بۆ دەستبەکاربون، بەڵێنی داوە فشاری زیاتر لەسەر تاران بکات، کە لە مێژە پشتگیری لە ژمارەیەک لایەنی سیاسی و حەشدی شەعبی و چەند گروپێکی دیکە لە گروپەکانی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراقدا دەکات.

193 جار خوێندراوەتەوە