دەزگای فریاگوزاری و
کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین رایگەیاند، 14 هەزار و 500
منداڵی فەلەستینی لە هێرشەکانی حەمماس و سوپای ئیسرائیل کوژراون، دەشڵێت: 88%ـی قوتابخانەکان
لەناوچون و 600 هەزار منداڵ لە خوێندن بێبەشبون.
هەواڵ:KNNC
ئۆنروا ئاماژەی بەوەشکردوە، لە کەرتی غەززە، دەستڕاگەیشتن
بە چالاکییەکانی پشتگیریی فێربون، کات بەسەربردن و تەندروستیی دەرونیی دابیندەکات
و لەڕێگەی 86 شوێنی فێربوونی کاتییەوە، زیاتر لە 18 هەزار منداڵ دەخاتەوە بەر خوێندن.
هاوکات، بەهۆى لەشکرکێشیی و بۆردوومانەکانى
سوپاى ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتى غەززە، 47 هەزار و 283 کەس کوژران و زیاتر لە 111 هەزارى
دیکەش برینداربون، کە بەوتەى وەزارەتى تەندروستیى کەرتى غەززە، زۆرینەى کوژراو و
بریندارەکان ژن و منداڵن، بەوهۆیەشەوە ژێرخانى پەروەردە، وەکو سەرجەم کەرتەکانى دیکە
وێرانبووە.
جولیەت توما، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و زانیاری
گشتی UNRWA دەڵێت: ستافەکەمان زۆر
بە وردی کاردەکان بۆ دابینکردنی یارمەتییە مرۆییە پێویستەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین،
لەگەڵ ئەوەشدا روبەڕوی چەندین ئاستەنگ دەبنەوە کە دیارترین یاسایەکە کە لەلایەن
کنێستەوە دەرچوە سەبارەت بە راگرتنی کارەکانی ئۆنروا لە خاکی فەلەستین.
لە 19ـى ئەم مانگەشەوە ئاگربەست لەنێوان حەماس
و ئیسرائیل راگەیەندراوە و ئاوارەکان بەردەوامن دەستیانکردوە بە گەڕانەوە بۆسەر ماڵ
و خانووە روخاوەکانیان.
51 جار خوێندراوەتەوە