ئیدارەی نوێی ئەمەریکا بەسەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، دەستی
بەدیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵی كۆچبەرە نایاساییەكان كرد و وتەبێژی حكومەتیش دەڵێت: ئەمڕۆ
هەینی زیاتر لە (500) كۆچبەری نایاساییان لەوڵاتەكەیان دیپۆرت كردوەتەوە.
هەواڵ: (KNNC)
لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (X) کارۆلین لیڤیت،
وتەبێژی حکومەت، رایگەیاند: لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەوە دەستیان كردوە بە
دەستگیركردن و دیپۆرتكردنەوەی ئەو كۆچبەرانەی بەشێوەی نایاسایی هاتونەتە
وڵاتەكەیان.
وتیشی: ئەمڕۆ هەینی، لایەنە پەیوەندیدارە راسپێردراوەكان
بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە (538) كۆچبەری نایاساییان دەستگیركردوە و بەفڕۆكەی
سەربازی دیپۆرتیان كردونەتەوە.
رونیكردوەتەوە، پێشتر بەڵێنیان داوە كە رێگری لە
كۆچبەران دەكەن و ئەوانەشی بەشێوەی نایاسایی هاتونەتە ویلایەتە یەكگرتوەكانی
ئەمەریكا دیپۆرتیان دەكەنەوە كە ئەوەش گەورەترین دیپۆرتكردنەوەیە لە مێژوی
وڵاتەكەیدا.
دوای دەستبەکاربونی لەڕۆژی دوشەممەی ڕابردودا، دۆتاڵد
ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا ژمارەیەك فەرمانی بۆ سنوردارکردنی کۆچبەری نایاسایی بۆ
وڵاتەكەی واژۆ کرد.
پێشتر فەرمانگەی دەزگای کۆچ ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریکا
رایگەیاندبو؛ لە ساڵی (2023)ـدا زیاتر لە (170) هەزار كۆچبەری نایاسایی دەستگیرکردوە
كە بەتێکڕا لە رۆژێكدا (476) كۆچبەر دەكات.
278 جار خوێندراوەتەوە