جەمیل بایک: تا زیهنیەتى تورکیا نەگۆڕێت، پرسى کورد چارەسەر نابێت

KNN : Kurdish News Network
09:11 - 26/01/2025
کوردستان
+
-

هاوسەرۆکى کۆنسەى بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، لەبارەى دیدارەکەى ئیمراڵى و رۆڵى ئۆجەلان لە چارەسەرکردنى پرسى کورد دەڵێت: تا زهنیەتى تورکیا نەگۆڕێت، پرسى کورد چارەسەر نابێت و جەختیش دەکاتەوە کە تورکیا هەوڵدەدات ئەو سیستمەى لە رۆژئاواى کوردستان دامەزراوە، تێکى بدات، سوپاسى هەڵوێستى بزوتنەوەى گۆڕانیشى کرد لە چارەسەرى پرسى کورد و بە گەورە و پیرۆز ناوى برد.

 

هەواڵ:KNNC


جەمیل بایک، هاوسەرۆکى کۆنسەى بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە لە میانى بەشداریکردنى لە بەرنامەى (رۆژەڤ)ـى کەناڵى کەى ئێن ئێن رایگەیاند؛ لەبنەمادا دەسەڵاتدارانی تورکیا دەیانویست ئۆجالان بخەنە دەرەوەی هاوکێشە سیاسییەکانی گەلی کورد و ئەویش بەردەوام ویستویەتی لەبەرامبەر پرسی کورد دا بیرکردنەوەو زیهنیەتی سیاسی دەسەڵاتدارانی تورکیا بگۆڕێت.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە ئۆجەلان، لە دیارەکەیدا لەگەڵ شاندى دەمپارتى ئامادەیی خۆى دەربڕیوە بۆ بەرەوپێشبردنى پرسى کورد ئەگەر بێتو تورکیا زەمینە بۆ ئاشتى برەخسێنێت و ویستى ئەویشى بۆ چارەسەرى پرسى کورد بەڕێگەى سیاسیى و دیموکراسى راگەیاندوە و جەختى کردوەتەوە کە تا زیهنیەتى دەسەڵاتدارانى تورکیا نەگۆڕێت، پرسى کورد چارەسەر ناکرێت و وتى:  تائێستاش بۆ هیچ لایەنێک رون نییە کە ئایا تورکیا بەجددی دەیەوێت پرسی کورد چارەسەر بکات یاخود نا.

 

وتیشى: تورکیا ئەوانى ناچار کردوە بۆ پاراستنى خۆیان و گەلەکەیان چەک لەشان بکەن ئەگەرنا ئەوان عاشقى چەک نین وسیاسەت دەکەن؛ هەرکاتێکیش داواى ئاگربەستیان کردبێت، تورکیا زیاتر هێرشى کردوەتەسەریان، جەختیشى کردەوە کە تا ئێستا هیچ پەیامێکی ئۆجەلان لەبارەی پرسی دانانی چەک یاخود هەر داواکاریەکی دیکەیان بۆ نەچوە.

 

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، بایک باسى لە هەرێمى کوردستان کرد و وتى: گەلى ئێمە لە باشور پێویستە ئامانجەکەیان دیاریبکەن و لەسەر بنەمای ئەو ئامانجە تێبکۆشن.

 

هەروەک ئەوەشى خستەرو کە گەلى کورد لە رۆژئاوا گەلێکی قارەمانن و گوزارشت لەئیرادەی خۆیان دەکەن، خەباتى ئەوانیش لە رۆژئاوا بۆ ئازادی و دیموکراسییە و دژی داگیرکەر و کۆنەپەرستییە و کورد و هەسەدەش بەرگرى لە خۆیان دەکەن لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

 

ئەوەشى ئاشکرا کرد کە پلان و ئامانجی تورکیا ئەو چەکدارانەی شەڕی بۆ دەکەن تێکدانی ئەو سیستەمەیە کە لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا دامەزراوە و  دەیەوێت دەسەڵاتی کوردان لە بروخێنێت و تەواوی سوریا بخاتە ژێردەسەڵاتی خۆیەوە.



لە کۆتاییشدا، جەمیل بایک، هەڵوێستەکانى بزوتنەوەى گۆڕان،ى لە پرسە نەتەوەییەکان بەرز نرخاند و وتى: هەڵوێستە نەتەوەییەکانى بزوتنەوەى گۆڕان لەبارەى چارەسەرى پرسى کورد لە پیرۆز و گەورە دەبینین و لە ئێستادا دەبێت هەموان کاربکەین بۆ دروستکردنی یەکێتییەکی نەتەوەیی.

 

جەختیشى کردەوە کە پێویستە پەرلەمانی کوردستان بەیەک دەنگ دژ بەداگیرکارییەکانی تورکیا هەڵوێست بنوێنێت و گوزارشت لەیەکێتی نەتەوەیی گەلی کورد بکات.

583 جار خوێندراوەتەوە