وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا
فشارەكانی لەسەر ئەنجومەنی نیشتمانی كورد لە سوریا ناسراو (ئەنەكەسە) چڕکردوەتەوە
بۆ پەلەكردن لە رێككەوتن لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ئەوەش بە ئامانجی
پێكهێنانی وەفدێكی هاوبەش بۆ دانوستان لەگەڵ ئیدارەی نوێی دیمەشق.
هەواڵ:KNNC
ماڵپەری فەرمی تەلەفیزیۆنی
سوریا بڵاویكردەوە، رۆژی یەکشەممە (26/1/2025)، ریمی داروین بە نوێنەرایەتی وەزارەتی
دەرەوەی فەرەنسا لەگەڵ ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی لە
شاری قامیشلۆ كۆبوەتەوە بۆ گفتوگردن لەبارەی یەكخستنی هەڵوێستی كورد لە سوریا.
بەوتەی سەرچاوەكە، نوێنەری
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بەر لەوەی چاوی بە وەفدەكەی (ئەنەكەسە) بكەوێت، لەگەڵ مەزڵوم
عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات كۆبوەتەوە.
ئەو بەرپرسە فەڕەنسییە
لە كۆبونەوەكەدا داوای لە ئەنەکەسە کردوە ئامادەكاری بكەن بۆ گرتنبەری هەنگاوی
كرداریی و بەپەلە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ فەرماندەی هەسەدە و پارتەكانی یەكێتی
نیشتمانی كورد كە پارتی یەكێتی دیموكراتی (پەیەدە) سەركردایەتی دەكات.
نێردراوەكەی فەرەنسا جەختیکردوەتەوە
لە یەكڕیزی کوردی سوریا لەسەر بۆچونێکی سیاسی و داواكارییە هاوبەشەكانیان بە ئامانجی
زامنكردنی مافەكانیان لە سوریا.
دوپاتیشیکردەوە کە هەر
رێککەوتن و لێکتێگەیشتنێکی نێوان ئەنەکەسە و هەسەدە، بە تەواوەتی لەلایەن هاوپەیمانێتی
نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی دەکرێت.
468 جار خوێندراوەتەوە