هاوڵاتییەکی ئەڵمانی بەناوی ڕودیگەر کۆچ، دوای مانەوەی بۆ
ماوەی 120 رۆژ لە قوڵای دەریادا، ژمارەی پێوانەیی جیهانی تۆمارکرد.
هەواڵ:KNNC
ئەو هاوڵاتییە
ئەڵمانییە، کە پیشەی ئەندازیاری فڕۆکەوانییە و تەمەنی 59 ساڵە، بۆ ماوەی چوار
مانگ لەژێر دەریادا ماوەتەوە و دوای هاتنەدەرەوەی بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتوە؛ "ئەمە سەرگەرمییەکی نایاب بو، ئێستا کە کۆتایی
هاتوە بیری ماڵەوە دەکەم و بەڕاستی لەو ماوەیەدا چێژم لە کاتەکانم وەرگرت."
کۆچ بۆ مانەوە لە ژێر دەریادا "کەپسوڵێک"ـی بەکارهێناوە کە درێژییەکەی 30 مەتر بوە و پانییەکەیشی 11 مەتر،
چەندین خزمەتگوزاری تیدا بوە، لەوانە؛ شوێنی خەو، تەوالێت، تەلەفزیۆن، کۆمپیوتەر،
ئینتەرنێت و تەنانەت پاسکیلێکی وەستاو بۆ یاریکردنی رۆژانە.
سەبارەت بە دیمەنی ژێر دەریا
وتویەتی:
“زۆر جوانە کاتێک شتەکان ئارام دەبنەوە و تاریکی دێت و دەریا دەست دەکات بە درەوشاوەیی و ئەوە شتێکە وەسف ناکرێت و دەبێت خۆت ئەزمونی بکەیت".
شوێنی مانەوەکەی
کۆچ نزیکەی 15 خولەک بە بەلەم لە کەناراوەکانی
باکوری پەنەما دور بوە و لە ڕێگەی بۆرییەکەوە
بەسترابوەوە بە ژوورێکی دیکە لە سەروی شەپۆلەکانەوە کە پلیکانەیەکی خولگەیی تێدابو، كە بۆرییەکە ڕێگەیەکی بۆ گەیاندنی خۆراک و سەردانکەران دابین دەکرد، لەنێویاندا پزیشکێک. هەروەها پانێڵی خۆر لەسەر ڕوی زەوی کارەبای پێویستی دابین دەکرد.
سەبارەت بە ئەزمونی
ژێر دەریا کۆچ وتویەتی: ئەوەی ئێمە لێرەدا هەوڵی سەلماندنی دەدەین ئەوەیە کە دەریاکان
بەڕاستی ژینگەیەکی گونجاون بۆ فراوانبونی مرۆڤایەتی.
بۆ دڵنیایی لە سەلامەتی کۆچ بەردەوام چوار
کامێرا ژیانی ڕۆژانەیان لەژێر دەریادا تۆمار کردوە، لە هەمان کاتدا تیمێک لەسەر
ئاوەکە چاودێری تەندروستی دەرونییان کردوە و بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی هەرگیز شوێنەکەی
جێناهێڵێت.
سوزانا ڕیس،
دادوەری ڕیکۆردەکانی جیهانی گینس دەڵێت "پێویستمان بە شایەتحاڵەکان هەبو بۆ
چاودێریکردنی 24 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا بۆ ماوەی زیاتر لە 120 ڕۆژ و پشتڕاستکردنەوەی
ئەوەی کە لە ژێر ئاودایە". "بێ گومان ئەم تۆمارە یەکێکە لە سەیرترین تۆمارەکان
و پێویستی بە کاری زۆری هەبو".
بەم شێوەیە ڕودیگەر
کۆچ ژمارەی پێوانەیی پێشوی شکاند کە جۆزێف دیتۆری ئەمریکی تۆماری کردبوو، کە 100 ڕۆژ
لە شوێنێکی نیشتەجێبونی ژێر ئاو لە تاڤگەیەکی فلۆریدا مابوەوە.
147 جار خوێندراوەتەوە