ئەمەریكا: سەركردە دیارەكانی داعشمان لە سۆماڵ كوشتوە

KNN : Kurdish News Network
04:43 - 12/02/2025
جیهان
+
-

لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر ناوچە شاخاوییەکانی سۆماڵ، ئەمەریكا ژمارەیەك لە سەرکردە دیارەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعشی بەئامانج گرت.

 

هەواڵ: (KNNC)

 

فەرماندەیی هێزەكانی ئەمەریكا لە ئەفریقا (ئەفریکۆم) رایگەیاند: لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای باری لە باکوری رۆژهەڵاتی سۆماڵ ژمارەیەك لە سەركردە دیارەكانی رێكخراوی تیرۆرستی داعشی بەئامانج گرتوە و جەختیشی كردوەتەوە كە هێرشەكان زیانی بۆسەر هاڵاتیانی مەدەنی نەبوە.

 

 

رونیکردەوە، هێرشە ئاسمانیەکە بە هاوکاری حکومەتی فیدراڵی لە یەکی ئەم مانگەدا دەستیپێکردوە، لە ئەنجامدا (14) ئەندامی رێکخراوی داعش کوژراون، كەلەنێویاندا ئەو كەسەی بەرپرسیار بوە لە دامەزراندنی میلیشیاکان و لایەنی دارایی رێكخراوەكە هەیە.

 

لای خۆشیەوە ئاژانسی هەواڵی سۆماڵ (سونا) رایگەیاندوە؛ هێرشەكەی ئەمەریكا بۆ سەر داعش هاوکاتە لەگەڵ زیادبونی ژمارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژە تیرۆری ویلایەتی پونتلاندەوە كە ئەندامانی رێكخراوی داعش لەناوچە شاخاویەكان بەئامانج دەگرن.

 

بەرپرسێكی سەربازی سۆماڵ ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، دوێنێ شەو رێكخراوی تیرۆرسیتی داعش هێرشی كردوەتەسەر بنكەیەكی سەربازی لە ویلایەتی پونتلاند، لەلایەن بەرگری ئاسمانییەوە وەڵام دراونەتەوە و زیاتر لە (70) ئەندامی ئەو رێكخراوە كوژراون.

 

محەممەد فەدجۆ، وتەبێژی سوپای پونتلاند بە ئاژانسی رۆیتەرزی وتوە: هێزەکانی دژەتیرۆری پونتلاند زانیارییان لەسەر هێرشەكەی داعش پێگەیشتوە و توانیوانە هێرشەکەیان پوچەڵ بكەنەوە.

 

بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسی هەواڵی سۆماڵ (سونا) ژمارەی چەکدارانی داعش لەو وڵاتە لە نێوان (700 بۆ 1500) ئەندامن كەبەهۆی هاوكارییە داراییەكانی دەرەوەی ئەو وڵاتەوە لەساێ رابردوەوە گەشەیان كردوە.

123 جار خوێندراوەتەوە