مامۆستایان بایكۆت دەشكێنن و دەگەڕێنەوە بۆ هۆڵەكانی خوێندن؟

KNN : Kurdish News Network
05:57 - 13/02/2025
کوردستان
+
-

مامۆستایەكی مانگرتو دەڵێت: هەڵپەساردنی مانگرتن پەیوەست نیە بەبایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن و مامۆستایەكی ناڕازیش ئاشكرای دەكات؛ بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن بەردەوام دەبێت.


هەواڵ: (KNNC)


لەسەر پرسی هەڵوێستی مامۆستایان بۆ شكاندنی بایكۆت كردنەوەی دەرگای خوێندنگاكان، هادی حەمەڕەشید، مامۆستای ناڕازی و یەكێك لە مانگرتوان لەبەرنامەی پرسی رۆژی (KNN)ـدا رایگەیاند: هەڵپەساردنی مانگرتن  پەیوەست نیە بە بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن، چونكە بایكۆت لەلایەن مامۆستایانەوە بڕیاری لێدراوە، بەڵام مانگرتوان لە مامۆستایان و فەرمانبەران پێكهاتون.


وتیشی: بڕیاری گەڕاندنەوەی مامۆستایان بۆ هۆڵەكانی خوێندن، پەیوەستە بە مامۆستایانەوە و لەلایەن  مانگرتوان بڕیاری لێ نادرێت.


لەسەر داواكاری هەڵپەساردنی مانگرتن لەلایەن هاوڵاتییانەوە، رونیكردەوە؛ ئەو كەسانەی چاودێری دۆخی مانگرتوانیان دەكرد و ئەو كەسانەشی پشتیوانانیان لێكردون، لەدوەم رۆژەوە داوایان كردوە كە مانگرتن بشكێنرێت، چونكە گیانی مرۆڤ لە هەمو شتێك بەبەهاترە و پێویست ناكات كە گیانی خۆتان بخەنە مەترسییەوە.

 

هەروەك وتیشی: لەبەر حورمەتی قورئانی پیرۆز كە دایكان و باوكانی پرچ و ریش سپی هێنایان بۆ خێمەكە، خاتری قسەكانی ئەوان مانگرتنەكەیان هەڵپەساردوە، نەك لەسەر داوای لایەنێكی سیاسیی مانگرتیان هەڵپەساردبێت، ئەوەشی بڵاو كراوەتەوە دورە لە راستییەوە.

 

هادی حەمەڕەشید، مامۆستای ناڕازی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، چاوەڕییان كردوە مانگرتنەكە لەدەرەوەی خێمەكە فشارێكی گەورە دروست دەبێت و لەلایەن یەكێتی و پارتییەوە گرنگی بە گیانی مامۆستایان و فەرمانبەران دەدرێت، بەڵام وا دەرنەچوە.


هاوكات، مەریوان حەسەن، مامۆستای ناڕازی لە كۆیە جەختی كردەوە كە؛ بایكۆتكردنی هۆڵەكانی خوێندن بەردەوام دەبێت، چونكە لەبەر چەند هۆكارێك مامۆستایان ئەو بڕیارەیان داوە كە ئەوانیش خۆیان لە جێبەجێ نەكردنی داواوكارییەكانی ساڵانی پێشو، یەكلایی كردنەوەی چانوسی موچەی مانگی (12) و پلە بەرزكردنەوە خۆیان دەبیننەوە.

4632 جار خوێندراوەتەوە