عەتوان عەتوانی: موچە مسۆگەرە و كێشە بۆ دابەشكردنی دروست نابێت

KNN : Kurdish News Network
08:04 - 18/02/2025
ئابوری
+
-

سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەختدەكاتەوە كە سەختی دۆخی دارایی پەیوەندی پەیوەستە بە پڕۆژەكانەوە، دڵنیایی بە موچەخۆران دەدات كە موچە مسۆگەركراوە.


هەواڵ: (KNNC)


ئەمڕۆ سێشەممە، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی و بەڕێوەبەرانی بانکی رافیدەین و بانکی بازرگانی عێراق كۆبوەوە و دواتریش عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی رایگەیاند: قسەکردن لەسەر سەختی دۆخی دارایی لە وڵاتدا پەیوەستە بە پارەی پرۆژەکانەوە نەك موچە.


وتیشی: گفتوگۆكردن لەسەر سەختی دۆخی دارایی، بەواتای نەتوانینی حكومەت بۆ دەستەبەرکردنی موچە نایەت، بەڵکو پەیوەندی بە جێبەجێکردنی پابەندی حکومەتەوە بۆ دابینکردنی بڕە پارەی پێویست  بۆ پڕۆژەكان هەیە، بەدڵنیاییەوە موچەی موچەخۆران مسۆگەركراوە و هیچ كێشەیەك بۆ دابەشكردنی دروست نابێت.


رونیكردوەتەوە، بۆ دەستنیشانکردنی كێشەكان و دانانی میكانیزمی چارەسەركردنیان، لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر پێداچونەوە بەسیاسەتی دارایی و نەختینەیی كراوە، رەتیشیكردەوە كە سزای نوێی دەرەکی لەسەر بانکەكان هەبێت و ئەوەی لە میدیاکاندا باس دەكرێت دورە لە راستییەوە.


سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لە ئێستادا پارێزگاری بانکی ناوەندی هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکات بۆ چارەسەركردنی کەمیی نەختینە و هەر كێشەیەكی دیكە دەربڕیوە كە كاریگەری لەسەر كارەكانی وەزارەتەكە دروست بكات.

244 جار خوێندراوەتەوە