هۆکاری سوربونی هەسارەی مەریخ دۆزرایەوە

KNN : Kurdish News Network
07:24 - 27/02/2025
زانستی
+
-


لە نوێترین توێژینەوەدا، دەرئەنجامە  زانستییەکان زانیاری نوێ دەردەخەن و هۆکاری سوربونی هەسارەکەیان دۆزیوەتەوە و پشتگیری لەو تیۆرییە دەکەن کە سەردەمانێک هەسارە سورەکە شوێنێک بوە بۆ ژیان کردن.

زانست:KNNC


سی ئێن ئێنی ئەمەریکی بڵاویکردوەتەوە؛ هەسارەی مەریخ کە لە مێژە نازناوی هەسارەی سوری لێنراوە، ئەویش بەهۆی ئەو ڕەنگە سورە دەگەڕێتەوە کە دەی نوێنێت، لە ئێستادا زانایان گەشتونەتە دەرئەنجامی نوێ و دەڵێن؛  سەرچاوەی ڕەنگی سوری مەریخیان دۆزیوەتەوە.

 پێشوتر زانایان بڕوایان وا بو کە ڕەنگی سوری مەریخ لە ئۆکسیدی ئاسن (ژەنگ)ی ناو تۆز و خۆڵ لەسەر ڕوی هەسارەکە هاتوە، کە لە ئەنجامی کاردانەوەکانی نێوان ئاسنی ناو بەردەکانی مەریخ و بەرگەهەوای هەسارەکە لە ماوەی ملیارەها ساڵی ڕابردودا دروست بوە.


 توێژینەوەکانی پێشوتر "هیماتیت" کە جۆرێکە لە ئۆکسیدی ئاسنی وشک، بەهۆکاری سەرەکی ڕەنگی سوری هەسارەکەیان دەزانی، بەڵام ئێستا توێژینەوە نوێیەکان شتێکی دیکە دەڵێن.

لە نوێترین توێژینەوەدا کە لە ڕۆژنامەی (Nature Communications)دا بڵاوکراوەتەوە، ئەوە دەردەخات، کە هۆکاری ڕاستەقینەی ڕەنگی سوری مەریخ ڕەنگە "فێریهایدرەیت - Ferrihydrite " بێت، کە کانزایەکە تەنها لە بونی ئاوی سارددا دروست دەبێت.

ئەم دۆزینەوانە دەتوانن تێگەیشتنی زانایان لە کەشوهەوای ڕابردو و توانای نیشتەجێبونی مەریخ بگۆڕن، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ڕەنگە بونی ئاو لە ڕابردوی هەسارەکەدا بەربڵاوتر بوبێت لەوەی پێشتر بیری لێ دەکرایەوە.

تیمێکی توێژەرانی زانکۆی براون داتای ئەرکە جیاوازەکانی بۆشایی ئاسمانیان شیکردەوە، بە بەکارهێنانی ئەم زانیاریانە؛ تۆزی مەریخیان لە ژینگەیەکی تاقیگەدا دروستکردەوە بۆ ئەوەی گەردیلە وردەکانی سەر ڕوی هەسارەکە ھاوشێوە بکەن.

دواتر لە ڕێگەی ئامێری تیشکی ئێکس و سپێکترۆمێتری ڕەنگدانەوەی ئەم تۆزەیان پشکنی، کە ئامێرێکی هاوشێوەی ئەو ئامێرانەنی بۆ لێکۆڵینەوە لە مەریخ بەکاردەهێنرێن.

ئەنجامەکان دەریانخست کە پێکهاتەی "فێریهایدرەیت" لەگەڵ "بازاڵتی گڕکان - volcanic basalts" زۆرترین هاوشێوەی پێکهاتەی کانزاییە کە لەسەر مەریخ بینراوە، بە پێچەوانەی "هیماتیت - Hematite "، فێریهایدرەیت تەنها لە بونی ئاوی شلدا دروست دەبێت، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ڕەنگە مەریخ لە ڕابردودا ئاوی زیاتر  هەبو بێت لەوەی پێشتر بیری لێ دەکرایەوە.

دۆزینەوەی فێریهایدرەیت، پێشهاتێکی زانستی نوێیە و ئەوە دەردەخات کە مەریخ زۆر زوتر ژەنگاوی بوە لەوەی پێشتر بیری لێدەکرایەوە، کاتێک ئاو هێشتا لەسەر ڕوی هەسارەکە بونی هەبوە.

بەمەش دۆزینەوە زانستییەکان، سەلمێنەری ئەوەن کە مەریخ سەردەمانێکی دور بارودۆخێکی گونجاوی بۆ ژیان هەبوە، چونکە ئاو و ئۆکسجین کە دو توخمە سەرەکییەکانی ژیانن لەو کاتەدا بەشی پێویست بونیان هەبوە.

278 جار خوێندراوەتەوە