ئیسرائیل شاندێک دەنێرێت بۆ گفتوگۆی ئاگربەست... حەمماس داوای دانوستان دەکات

KNN : Kurdish News Network
09:21 - 09/03/2025
جیهان
+
-

بزوتنەوەی حەمماس داوای دانوستان لەسەر قۆناغی دوەمی رێککەوتنی ئاگربەست دەکات، ئیسرائیلیش بڕیاریداوە رۆژی دووشەممە شاندێک بۆ ئەنجامدانی دانوستان بنێرێتە قەتەر.

 

هەواڵ:KNNC

 

رۆژی شەممە شاندێکی بزوتنەوەی حەمماس لە قاهیرە لەگەڵ نێوەندگیرانی میسر کۆبونەوە و تاوتوێی ئاگربەستی غەززەیان کرد، وتەبێژی بزوتنەوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لە کۆبونەوەکەدا جەختیان لەسەر پابەندبون بە هەمو مەرجەکانی رێککەتنی ئاگربەست دەکەنەوە و دەیانەوێت دەستبە دانوستانی قۆناغی دووەمی ئاگربەست و کردنەوەی دەروازەکان و دوبارە چونەناوەی فریاگوزارییەکان بۆ کەرتی غەززە بدرێت بەبێ هیچ مەرجێک.

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "هەوڵەکانی ناوبژیوانانی میسر و قەتەر بەردەوامە بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست"، کە لە 19ی 1 دەستیپێکرد و قۆناغی یەکەمی لە 1ی ئازار کۆتاییهات، بەڵام پێویستە ئیسرائیل پابەندبێت بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە.

 

لەبەرامبەردا، نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، رۆژی دوشەممە شاندێک دەنێرن بۆ قەتەر بۆئەوەی هەوڵبدەن کۆتایی بە ناکۆکییەکان بهێنن و هەوڵبدرێت قۆناغی دووەمی ئاگربەست جێبەجێبکرێت و ببێتەهۆی کۆتاییهاتنی شەڕ و وێرانکاری کەرتی غەززە.

 

قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست شەش هەفتەی خایاند، ئیسرائیل پێش ئەوەی بچێتە قۆناغی دووەم، داوای "داماڵینی تەواوەتی" کەرتی حەمماس و دەرچونی حەمماس لە غەززە و گەڕانەوەی بارمتەکان دەکات.

 

لەبەرامبەردا حەمماس پێداگری لەسەر مانەوە لە کەرتی غەززە دەکات کە لە ساڵی 2007ەوە بەڕێوەی دەبات.

58 جار خوێندراوەتەوە